رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، دواکەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، بەهۆی ناکۆکییەکان لەسەر خەرجکردنی پارەی ئەو کۆمپانیایانەیە کە لە هەرێمی کوردستانەوە کار دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 19ی کانوونی دووەمی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە داڤۆسی سویسراوە بە ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی راگەیاندووە، ناکۆکییەکان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، لەسەر خەرجکردنی پارەکانیان، هۆکاری دواکەوتنی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە کە نزیکەی 10 مانگە راگیراوە.
قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، یەکێکە لەو پرسانەی کە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی راگرتووە، کە بەگوێرەی پسپۆڕانی بواری نەوت راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، مانگانە هەرێمی کوردستان و ئەو کۆمپانیایانە نزیکەی یەک ملیار دۆلار داهات لەدەستدەدەن.
سوودانی رایگەیاند: "کۆمپانیاکانی نەوت، پرسێکیان هەیە لەگەڵ خەرجیی بەرهەمهێنانی نەوتەکە، گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێکی فەرمی."
لەبارەی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور لە هەژماری تایبەتی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایانگەیاند، ژمارەیەک لە نوێنەرانی کۆمپانیاکەیان، لە ماوەی رابردوودا لە بەغدا بەشداربوون لە گفتوگۆکان و هیواداریشن ئەو گفتوگۆیانە فراوانتر بکرێن و بگەنە رێککەوتنێکی فەرمی لە نێوان سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو پرسە و دەستپێکردنەوەی تەواوی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
لە درێژەی قسەکانیدا، سوودانی رایگەیاند، لە مانگی رابردووەوە لەنێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەرقاڵی هەڵسەنگاندنێکن بۆ گۆڕانکاری لە بودجەی عێراق، تاوەکو لە رێگەی گۆڕانکارییەکانەوە بتوانن پارەی کۆمپانیا بیانییەکان بدەن.
گرووپی ئەپیکور لە شەش کۆمپانیای تایبەت بە نەوت لە هەرێمی کوردستان پێکهاتووە و پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ تورکیا، ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیە، 50٪ـی نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستانیان بەرهەم دەهێنا.
رۆژی 25ی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا. بەگوێرەی کۆمەڵەی ئەپیکور، ئەو بڕیارە تائێستا نزیکەی 10 ملیار دۆلار زیانی بە هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە.
لە دوای راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان، بەرپرسانی لایەنی پەیوەندیداری عێراق و تورکیا چەند جارێک دانوستاندنیان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ