وەزارەتی ناوخۆی عێراق: پشکنینی مادەی هۆشبەرمان بۆ 50 هەزار کارمەندمان کردووە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، پشکنینی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەریان بۆ 50 هەزار کارمەندیان کردووە و دەرکەوتووە ئەوانەی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنن رێژەیان ناگاتە 1٪.
 
حوسێن تمێمی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کاروباری مادەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان، بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، "پشکنینی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان دوای بڕیارێکی زیرەکانەی عەبدولئەمیر شەممەری[وەزیری ناوخۆی عێراق] هات بۆ ئەوەی سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەت و هێزە ئەمنییەکان ئەو پشکنینەیان بۆ بکرێت."
 
تمێمی ئاماژەی بەوەدا بەرنامەیەکی گونجاو دادەنرێت بۆ ئەوەی سەرجەم فەرمانبەرانی حکومەت ئەو پشکنینەیان بۆ بکرێت.
 
رۆژی 1ـی نیسانی ساڵی 2024، عەبدولەئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆ بڕیارێکی دەرکرد بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ پشکنینی سەرجەم ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بە ئەفسەران و فەرمانبەرانیشەوە بەبێ جیاوازی.
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ "تاوەکو ئێستا پشکنین بۆ 50 هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کراوە و دەرکەوتووە، رێژەی ئەو کەسانەی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنن کەمترە لە 1٪."
 
ئەوانەی لە پشکنینەکاندا دەرکەوتووە مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنن لە هێزە ئەمنییەکان رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر و خراونەتە سەنتەرەکانی تایبەت بە چارەسەری بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر بۆ ئەوەی بە گوتەی تەمیمی" تێکەڵ بە کۆمەڵگە بکرێنەوە دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست، دواتر یەک مانگ مۆڵەتیان پێدەدرێت و بەردەوام دەبنەوە لە کارکردن."
 
رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، رایگەیاند لە ساڵی 2023دا دەیان بازرگانیان دەستگیرکردووە، لەنێویاندا 140 بازرگانی نێودەوڵەتی هەن. گوتیشی، وەزارەتەکەیان 16 سەنتەری شیاندنەوەی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەری هەیە.