وەزارەتی بەرگریی عێراق بڕیاری دا بە داخستنی پەیجی فەرماندە و ئەفسەرەکانی


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی عێراق بڕیاری داخستنی سەرجەم ئەو پەیجانەی سۆشیاڵ میدیا و وێبسایتانەی دەرکرد، کە لەلایەن سەرکردە سەربازییەکان و ئەفسەرانەوە بۆ "خۆدەرخستن و بانگەشەکردن" بۆیان دروستکراون؛ داواش دەکات بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لێدوان نەدەن. 
 
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق، کە لە 9ـی کانوونی دووەمی 2024 لەلایەن فەریق روکن سەعد موزهر موحسین عەلاق، یاریدەدەری سەرۆکی ئەرکانی سوپا واژۆکراوە، دەرکەوتنی سەرکردە سەربازییەکان بە جلی سەربازییەوە سنووردار دەکرێت.
 
بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراق، دزەپێکردنی سەرجەم نووسراو یان زانیارییە سەربازییەکان قەدەخە دەکرێن و سەرپێچیکارانیش سزادەدرێن.
 
نووسراوەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەم کارانەی قەدەخە کردووە:
 
- سڕینەوەی سەرجەم ئەو پەیج و وێبسایتانەی لەلایەن سەرکردە سەربازییەکان و ئەفسەرانەوە پشتیوانی دەکرێن و هەڵدەستن بە پیاهەڵدان و بانگەشەکردنی بێ پاساو بۆیان، بە جلوبەرگی فەرمییەوە و راگرتنی یەکسەری ئەو بابەتە و قەدەخەکردنی ئەو دیاردانە.
 
- بڵاونەکردنەوەی هیچ نووسراو یان زانیارییەکی سەربازی یان لێدواندان بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لەسەرووی خۆیەوە و گرتنەبەری سەرجەم رێکارەکانی یاسایی بەرامبەر بە پێشێلکارییەکان.
 
- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەواڵگری و ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی چاودێریکردنی سەرپێچییەکان دەکات و هەفتانە زانیاریی دەداتە بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و ئاڕاستەکردنی مەعنەوی لەبارەی ناوی ئەو کەسانەی سەرپێچییان کردووە بۆ ئەوەی بخرێتە بەردەست وەزیری بەرگری.
 
حەیدەر محیاوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لەبارەی نووسراوەکەوە بە رووداوی گوت: "یەکێکە لە بڕیارە دروستەکان، پێویستە و داوامانکردووە وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆش لەسەر دزەپێکردنی زانیاریی و نووسراوە فەرمییەکان بۆ میدیا و بەتایبەت بۆ سۆشیاڵ میدیا سنووری بۆ دابنرێت و تووند بکرێت، سزاکانیش زیاتر بن، چونکە جگە لەوەی بۆ شكۆی ئەو دامەزراوانە باش نییە، هێشتا مەترسیی تیرۆریش زۆرە کە ئەگەری هەیە بقۆزرێتەوە."
 
دزەپێکردنی زانیاریی و نووسراوەکانی سەربازیی و ئەمنی لە عێراق یەکێکە لەو کێشانەی چەند جارێک باسکراوە و زۆر جار نووسراوی نهێنی بۆ سۆشیاڵ میدیا و راگەیاندن دزەیان پێکراوە. تەنانەت ئەم نووسراوەش کە جەخت لەسەر دزەپێنەکردنی نووسراوەکانی وەزارەت دەکاتەوە دزەی پێکراوە.