وردەکاریی شەڕێکی سێ کاژێری و کوژرانی دوو کەس لە بەغدا

19-01-2024
زیاد ئیسماعیل
 ئۆتۆمبێلێکی سەربازی و نەخۆشخانەی مەدینەت ئیمامەین کازمەیین لە بەغدا. وێنە: رووداو
ئۆتۆمبێلێکی سەربازی و نەخۆشخانەی مەدینەت ئیمامەین کازمەیین لە بەغدا. وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە نەخۆشخانەی 'مەدینەت ئیمامەین کازمەیین' لە بەغدا، بەهۆی دەمەقاڵەی نێوان دوو کارمەندەوە، شەڕێکی سێ کاژێری روویدا و دوو کوژراوی لێکەوتەوە. 
 
شەوی چوارشەممە 17-01-2024، کارمەندێکی بەشی شیکاری، بەهۆی توڕەبوونی لە کارمەندێکی کافتریای نەخۆشخانەکە بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەی لێ دەکات.  
 
بە گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان و خۆبەدەستەوەنەدانی، شەڕ و بەرپەچدانەوە دروست دەبێت و پۆلیسێک گیانلەدەستدەدات و تەقەکار کۆڵان بە کۆڵان لە دەستی هێزە ئەمنییەکان رادەکات.
 
عەلی حوسێن، شاهێدحاڵێکە و دەڵێت: "هەراکە کاژێر 08:00 دەستیپێکرد، کابرایەک لەلای نەخۆشخانەکە تێپەڕی تاوەکو گەیشتە کۆڵانەکە، پۆلیسەکان بەدوایاندا رایاندەکرد، چووە ئەولاتر و خۆی لە خانوویەک شاردەوە، هێزی زۆری لێ کۆبووەوە، گازی فرمێسکڕێژی زۆریان بەکارهێنا، ئەو هەر تەقەی دەکرد و هێزە ئەمنییەکان وەڵامیان دەدایەوە، شەڕەتەقەکە نزیکەی تاوەکو کاژێر 11:00 بۆ 11:30 بەردەوام بوو، دواتر لە پۆلیسەکانەوە زانیمان کابرا خۆی کوشتووە. دواتر هێزەکانی بەڵگەی تاوان هاتن و کاژێر 12:00 تەرمەکەیان هەڵگرت و رۆیشتن، ئەوەی روویدا بەم شێوەیە بوو." 
 
ئەبو لوئەی شەمەری، شاهێدحاڵێکی دیکەیە و دەڵێت: پۆلیسی فیدراڵی بە سوپاسەوە هەموو هەوڵێکیاندا زۆر هەوڵیاندا بە سەلامەتی دەریبهێنن، دوای هەموو ئەمانە گوتیان پیاوەکە خۆی کوشت، چۆن خۆی کوشت؟ نازانم! 
 
نەخۆشخانەکە دەکەوێتە ناوچەی کازمییە، رووداوەکە دانیشووانی ناوچەکەی تووشی شۆککردووە. 
 
عەلی موراد، دانیشتووی ناوچەی کازمیەیە و دەڵێت: ئەم رووداوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر نەخۆشخانە و هێزە ئەمنییەکان و سیستمی ئەمنیش دەبێت. 
 
نەوفەل حەمید هێرشکارەکەیە، تەمەنی 26 ساڵان و خەڵکی ناسریە بوو. لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوو وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێندراوە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە