رێکارەکانی گەڕاندنەوەى سەربازانی سووریا لە عێراقەوە دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ 

گەڕاندنەوەى ئەو سەربازە سوورییانەی پەنایان بۆ عێراق هێنابوو، بۆ وڵاتەکەیان دەستیپێکرد، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار دەڵێ بەر لە گەڕانەوە، بەڵیننامەیان پێ پڕدەکرێتەوە، کە لەژێر گوشاردا ئەو بڕیارەیان نەداوە.
 
رۆژی 18ـی کانوونى یەکەمى 2024، سەعد محەممەدى، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە ئەمڕۆوە رێوشوێنەکان بۆ گەڕاندنەوەى سەربازانی سووریا بۆ وڵاتەکەیان دەستیپێکردووە و لە رێگەى دەروازەى سنوورى قائیمەوە، دەگەڕێنەوە، کە ئەگەر هەیە سبەى بگەڕێنەوە.
 
لە دواى رووداوەکانى سووریا، ژمارەیەکی سەربازانى سووریا پەنایان بۆ عێراق هێنا و لە خێوەتگەیەکى سەربازى نیشتەجێکران کە لە سنوورى پارێزگاى ئەنبارى هاوسنوورى سووریایە.
 
سەعد محەممەدى گوتی: "ژمارەى ئەو سەربازانە 2490 کەسن و سەرپشککراون لە گەڕانەوە یان مانەوەیان لە عێراق."
 
سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار گوتیشی "ئەوانەى دەگەڕێنەوە، بەڵێننامەیەکیان پێ پڕدەکرێتەوە کە بە ویستى خۆیان لە رێگەى دەروازەى سنوورى قائیمە دەگەڕێنەوە و گوشاریان لەسەر نەبووە." 
 
17ـی کانوونى یەکەمى 2024 ژمارەیەک لەو سەربازانە لەو کەمپەى تێدا بوون، خۆپێشاندانیان کرد و داوایان کرد بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.
 
قەیس محەممەداوى، جێگرى فەرماندەى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق بە میدیایى فەرمى راگەیاندووە، رێوشوێنەکانى گەڕانەوەى سەربازەکان دەستپێکردووە.
 
8ـی کانوونى یەکەمى 2024، دەسەڵاتى بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا و حکومەتێکى کاتى بۆ قۆناخى راگوزەر لەلایەن دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) پێکهێنراوە.