قەیس خەزعەلی: ئەوەی رۆژی شەممە روویدا تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی بوو
رووداو دیجیتاڵ
پێچەوانەی موقتەدا سەدر، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق داوا لە خەڵکی عێراق دەکات بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکاندا بکەن و دەڵێت، "بەشدارینەکردن بێهیوابوون و شکستخواردنە" کە بە گوتەی خۆی ئەوە "تایبەتمەندیی عێراقییەکان نییە".
خەزعەلی کە پارتەکەی لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدایە، باس لەوە دەکات "زۆر کەس هەوڵیانداوە رەشبینی، بێ هیوایی و نائومێدی بڵاوبکەنەوە،" بەڵام دەڵێت، گەلی عێراق "رووبەڕووی بەربەستەکان دەبێتەوە و سەردەکەوێت".
ئەوە لە کاتێکدایە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و کەسایەتیی کاریگەری سیاسیی وڵات، کە ساڵی 2022 دوای چەقبەستنی دوورودرێژی پێکهێنانی حکومەت، بڕیاریدا لە سیاسەت دووربکەوێتەوە، داوای لە لایەنگرانی کردووە هەڵبژاردن بایکۆت بکەن، چونکە بە گوتەی خۆی، بەشداربوونیان دەبێتە هۆی بەهێزبوونی چینێکی دەسەڵاتداری گەندەڵ.
بە بڕوای سەدر، بایکۆتکردنی بەرفراوانی هەڵبژاردن "رەوایەتیی هەڵبژاردنەکە لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی کەم دەکاتەوە،" ئەوە وەک لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی پێکردبوو.
لە هەندێ شوێن، لایەنگرانی سەدر پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردنیان لێکردنەوە و هەڵکوترایە سەر ژمارەیەک نووسینگەی بانگەشە. لە شاری نەجەف کە بە بنکەی سەرەکیی جەماوەری سەدر دادەنرێت، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، هەزاران کەس خۆپێشاندانیان کرد بۆ رەتکردنەوەی هەڵبژاردنەکە.
خەزعەلی، دۆستی دوێنێ و رکابەری ئەمڕۆی سەدر، دەڵێت، بەشداربوون لەم هەڵبژاردنە "بە واتەی بەشداربوونە لە دروستکردنی هیوایەکی نوێ و عێراقێکی نوێ".
خەزعەلی کە لایەنگری ئێرانە و لە لایەن ئەمریکاوە بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ سزای بەسەردا سەپێنراوە، گەشبینە بەوەی رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی گشتیی ئەمڕۆدا، زیاتر بێت لەوەی رۆژی شەممە، لە دەنگدانی تایبەتدا تۆمارکرا، کە 67٪ بوو.
کێشەی ئامێرەکانی دەنگدان
لە بارەی کێشەی درەنگکەوتنی ناردنی ئەنجامەوە لە ئامێرەکانی ژماردنی دەنگ لە بنکەکانەوە بۆ ناوەندی سەرەکیی کۆمیسیۆن لە بەغدا کە لە هەڵبژاردنی تایبەت لە چەند شوێنێک روویدا، قەیس خەزعەلی گوتی، "ئەمە یەکەم جار نییە" ئەو کێشەیە دروست بێت و "لە کێشەیەکی تەکنیکی زیاتر، هیچی دیکە نییە."
خەزعەلی بە ئاماژەکردن بە یاسای هەڵبژاردن گوتی، "ئەو یاسایەی دانراوە ئەم کێشەیەش دەگرێتەوە و چارەسەری دەکات، لە رێگەی ژماردن و جیاکردنەوەی بەدەست".
بە گوێرەی یاساکە کە ساڵی 2020 پەسەندکراوە، لە ئەگەری هەبوونی کێشە لە ئامێرەکاندا، دەنگەکان بە دەست دەژمێردرێن.
ئەگەر ئامێرەکە کار بکات، بەڵام گومان لەسەر ئەنجام هەبوو، ئەوا ئەنجامەکە لەگەڵ ئەنجامی ژماردنی دەستی بەراورد دەکرێت. ئەگەر جیاوازی نێوان دوو ئەنجامەکە لە 5٪ زیاتر بوو، دەنگەکانی هەموو بنکەکە بەدەست دەژمێردرێنەوە.
خەزعەلی لەو بارەیەوە دەڵێت، "بڕوام وا نییە ئەم کێشەیە کاریگەری لەسەر ئەنجام و راستی و دروستیی هەڵبژاردنەکە هەبێت. ئەمە لە کێشەیەکی تەکنیکی زیاتر هیچی دیکە نییە و دەکرێت لە رێگەی یاساوە چارەسەر بکرێت".
ئەو یاسا مشتومڕهێنە هەروەها قەبارەی بازنەکانی هەڵبژاردنی زیادکرد و لە لایەن رەخنەگرانییەوە بە هەوڵێک دانرا بۆ کەمکردنەوەی دەرفەتی سەرکەوتنی پارتە بچووکەکان و بەربژێرە سەربەخۆکان.
یاساکە لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگیی رکابەری سەدرەوە پشتیوانی لێ کرا.
چۆڵکردنی گۆڕەپانی هەڵبژاردنەکە لە لایەن سەدرەوە وادەکات؛ چوارچێوەی هاوئاهەنگی ببێتە گەورەترین هێزی رکابەرییەکە و خاوەن گەورەترین دەستکەوتی هەڵبژاردنەکە.