هەر کەسێک بایۆمەتری نەکردبێت ئامێری دەنگدان کارتەکەی ناخوێنێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق بەردەوامە و هەر کەسێک کارتی دەنگدانی نوێ نەکردبێتەوە و بایۆمەتری نەکردبێت، رێگەی پێنادرێت دەنگ بدات.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک گوتی، هەر کەس بایۆمەتری بە کارتی دەنگدانەکەیەوە نەبێت، ناتوانێت دەنگ بدات.
 
مام سابیر، پیاوێکی بەساڵاچووە و لەبەردەم بنکەی قوتابخانەی گەرمیان لە کەرکووک قسەی رووداو کرد و گوتی، "کاژێر 6:15 گەیشتمە بنکەکە و گوتیان کارتەکەت وێنەی پێوە نییە و نابێت دەنگ بدەیت، منیش نەمزانیبوو بەبێ وێنە کارتەکانمان کاریان پێناکرێت."
 
مام سابیر گوتی "پێشتر ئاگادار نەکرابوومەتەوە و نەمبیستووە، بۆیە داواکارم کارئاسانی بۆ کەسانی وەکو من بکەن و رێگە بدەن بە ناسنامە دەنگ بدەین. بۆ دەنگدان ئەوەندە بەپەرۆشبووم کە نوێژی بەیانیم کرد، یەکسەر هاتم بۆ دەنگدان، بەڵام بەداخەوە ئامێرەکە کارتەکەم ناخوێنێتەوە."

 

 
کاژێر حەوتى بەیانیی ئەمڕۆ ناوەندەکانی دەنگدان بەڕووی هەڵبژاردنى گشتیی ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق کرانەوە، کە تێیدا زیاتر لە 15 ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەیە بۆ دیاریکردنى 285 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەنێو نزیکەى شەش هەزار بەربژێردا.
 
17ـی کانوونى یەکەمى 2023، نیبراس ئەبوو سۆدە، یاریدەدەرى گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بە بڕیارى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران دابەشکردنى کارتى بایۆمەترى دەنگدان لەلایەن نووسینگەکانى کۆمیسیۆنەوە لە پارێزگاکان بەردەوام دەبێت تاوەکو داخستنى ناوەندەکانى دەنگدانى گشتى لە کاژێر شەشى ئێوارەى 18ـی کانوونى یەکەم.
 
بە گوێرەى ئامارێکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، تاوەکو 15ـی کانوونى یەکەم لە کۆى 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کارتى دەنگدان، لە 15 پارێزگاکەى عێراق، 14 ملیۆن و 619 هەزار و 952 کات دابەشکراون و یەک ملیۆن و 538 هەزار و 836 کارت ماون کە دەنگدەران وەریان نەگرتووەتەوە. 
 
ئامارەکە ئاشکرایکردووە کە زۆرترین رێژەى دابەشکردنى کارتى دەنگدان لە پارێزگاى نەینەوا بووە بەشێوەیەک 95%ـی کارتەکانى دەنگدان لەو پارێزگایە دابەشکراون، کەمترین رێژەى دابەشکردنى کارتى دەنگدانیش لە پارێزگاى نەجەف بووە بە رێژەى 84%.
 
نیبراس ئەبوو سۆدە ئاشکرایکرد کە ئامارى دابەشکردنى کارتى دەنگدان هەفتانە لە لایەن کۆمیسیۆنەوە بڵاودەکرێتەوە و دوایین ئامارى دابەشکردنى کارتى دەنگدان دەکەوێتە دواى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان.