سوودانی: ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کەرکووک دیارترین وێنەی سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە بوو

18-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبۆنەی کۆتاییهاتنی پڕۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقەوە پیرۆزبایی لە هاووڵاتیان کرد و رایگەیاند، ئەوەی کرا هەنگاوێکی دیکە بوو بۆ شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان و ئاماژە بەوەش دەکات کە "دیارترین وێنەی سەرکەوتن خۆی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کەرکووک دەبینێتەوە کە لە ساڵی 2005ـەوە نەکراوە". 
 
شەوی دووشەممە، 18-12-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆتاییهاتنی پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "پیرۆزبایی گەرم لە گەلی عێراق دەکەم بەبۆنەی بەجێگەیاندنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق".
 
سوودانی سوپاسی هێزە ئەمنییەکان، فەرمانبەرانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، ئەنجوومەنی نوێنەران و لایەنە سیاسییەکان دەکات کە بە گوتەی ئەو "رژدبوون لەسەر رکابەرایەتیکردن لە چوارچێوەی یاسا و رێساکانی هەڵبژاردن و پاراستنی شەفافییەت و بێگەردی". 
 
محەممەد شیاع سوودانی باسی هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووکیش دەکات و دەڵێت، "هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەجێگەیاندنی بەڵێنە لە حکومەتەوە بەو پابەندبوونەی لە کارنامەکەیدا هاتووە و هەنگاوێکی دیکەیە بەرەو شۆڕکردنەوەی دەسەڵات، پشتیوانیکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری و بەدیهێنانی ویستێکی دواخراو کە لەساڵی 2013ـەوە پەکی کەوتووە. دیارترین وێنەی سەرکەوتن خۆی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کەرکووک دەبینێتەوە کە لە ساڵی 2005ـەوە نەکراوە؛ رێز و سڵاو بۆ هەموو ئەوانەی یارمەتیدەر بوون و رۆڵیان لە بەجێگەیاندنی ئەو بەرکەوتەیەدا گێڕا". 
 
کاژێر 6:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بنکەکانی دەنگدان لە 15 پارێزگای عێراق بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان داخران. رۆژی شەممە، 16ـی کانوونى یەکەمیش دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەبوو.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت