گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە نەینەوا: رێژەی دەنگدان سەروو 40٪ بوو

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی لقی نەینەوای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت رێژەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان سەروو 40٪ بێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان 100٪ هاوتا بوو و هیچ کێشەیەک دروست نەبووە".
 
شەوی دووشەممە، 18-12-2023، سوفیان مەشهەدانی، گوتەبێژی لقی نەینەوای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ کێشەیەک لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە پارێزگای نەینەوا تۆمارنەکرا. دوای داخستنی بنکەکانی دەنگدان لە پارێزگای نەینەوا، پڕۆسەی هەژماکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان ئەنجامدرا و ٪100ـی هەردوو هەژماری ئەلیکترۆنی و دەستی وەکو یەک بوو. ئەنجامەکە نێردرا بۆ بنکەی سەرەکی لە بەغدا". 
 
سوفیان مەشهەدانی گوتی، "لە بەیانییەوە هیچ کێشەیەکمان نەهاتە پێش. هیچ ئامێرێک پەکی نەکەوت و هیچ کێشەیەکی ئامێرەکانمان نەبوو، بەڵام رێژەی دەنگدان کەم بوو کە تاوەکو نیوەڕۆ تەنیا 23٪ بوو، بەڵام دواتر زیادیکرد و پێشبینی دەکەین بۆ نزیکەی دوو هێندە واتە سەروو 40٪ زیاد بووبێت".
 
کاژێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ سندووقەکانی دەنگدان لە 15 پارێزگای عێراق بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان داخران. رۆژی شەممە، 16ـی کانوونى یەکەم، دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەبوو. ئەو رۆژە بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان راپۆرتی کۆتاییان بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە نەنارد. 

 

ئەمڕۆ دووشەممەش دەنگدانی گشتی بەڕێوەچوو کە 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کە مافی دەنگدانیان هەبوو.