هادی عامری: 35٪ـی عێراقییەکان لە دەنگدان بێبەش دەبن

رووداو دیجیتاڵ 

هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەبنی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی کارتی دەنگدانەوە  33٪ بۆ 35٪ـی دەنگدەران ناتوانن دەنگبدەن، لەبارەی کەمیی رێژەی دەنگدانیشەوە گوتی: "گەلەکەمان دەنگبدات هەر لێیڕازین و دەنگیش نەدات هەر لێی رازین."
 
رۆژی دووشەممە، 18-12-2023 هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەبنی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە بەغدا دەنگی دا، دوای دەنگدان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "هەر دەسەڵاتێک بە هەرێمەکان بدرێت، ئەو دەسەڵاتانەش بە پارێزگاکان دراوە، ئەو دەسەڵاتەنە فراوانە و ئومێد دەکەین سیستەمی سیاسییمان لەنێوان حکومەتێکی فیدڕاڵی و حکومەتە خۆجێیەکان بێت، بۆیە ئومێدمان زۆرە پارێزگاری باش هەڵبژێردرێن و تەواوکاری لەنێوان کاری حکومەتە خزمەتی نیشتمانی و حکومەتە خۆجێیەکان لە پارێزگاکان دروست ببێت."
 
سەبارەت بە رێژەی دەنگدانیش کە تاوەکو نیوەڕۆ بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان گەیشتبووە 17٪، گوتی: "ئێمە رازین لە رێژەی بەشداریکردنی گەلەکەمان، ئەوە گەلی ئێمەیە، بەشداری بکات ئێمە لێیڕازین و بەشداریش نەکات هەر لێی رازین، گەلی ئێمەیە و پێویستە بەدوای ئەو هۆکارانە بگەڕێن کە وایکرد بەشداری نەکەن و چارەسەرکردنیان لەپێناوە بەشدارییەکی جیددی."
 
بەبۆچوونی ئەو یەکێک لە هۆکارەکان کرد وایکردووە رێژەی دەنگدان کەم بێت کارتی دەنگدانە، هادی عامری گوتی: "یەکێک لەو هۆکارانەی رێگری دەکات لە بەشداریکردن بریتییە لە کارتی دەنگدان، کارتی دەنگدان رێگری لە یەک لەسەر سێی عێراقییەکان دەکات، واتە زیاتر لە 33٪ بۆ 35٪ لەوانەی بە پێی دەستوور مافی بەشداریکردنیان لە دەنگدان هەیە، کارتی دەنگدان رێگریان لێدەکات، چونکە بەشێکیان کارتی دەنگدان دەرناهێنن بەهۆکاری جیاواز، بۆیە ئومێد دەکەین بەرەو کارتی نیشتمانی  بڕۆین کە لە هەموو وڵاتانی جیهان کاری پێدەکرێت، هیچ وڵاتێک لە جیهان نییە کارتی دەنگدانی هەبێت تەنیا عێراق نەبێت، ئەوەش یەکێکە لەو هۆکارانەی رێگری دەکەن خەڵک دەنگبدات."
 
سەرۆکی هاوپەیمانی نەبنی پەسنی کارەکانی کۆمیسیۆنیشی دا و گوتی: "بێگومان کاری کۆمیسیۆن گەورەیە، سوپاسیان دەکەین بۆ ئەو هەوڵە زۆرەی داویانە، پشتیوان بەخوا ئومێدی سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین، ئومێد دەکەین ئەو هەڵبژاردنە سەربکەوێت پشت بەخوا و بە هەوڵی خودا، هەروەها ئەم کۆمیسیۆنە راسپێردراون و ماوەیان بۆ درێژکرایەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بکەن."
 
هادی عامری، سەرۆکی ئەو هاوپەیمانێتیە کە بەشێک لەلایەنەکانی نیو حەشدی شەعبیش لەخۆدەگرێت پەیامی بۆ دەنگدەرانی عێراق نارد و گوتی: "پەیامم بۆ هاووڵاتیی عێراقی پێویستیی بەشداریکردنە، ئەوە مافێکە دەستوور پێیبەخشیوی، دەستوور پێیبەخشیوی، تۆ دیاریدەکەیت کێت دەوێت، بۆیە ئەگەر بەڕاستی دەتەوێت بگۆڕیت و چاکی بکەیت لەسەرتە بە رای خۆت بەشداری بکەیت و دەنگت بدەیت بەو کەسەی پێتوایە دەتوانێت چاکسازی و گۆڕانکاری بکات."
 
ئەنجوومەنی پارێزگاکانیشی بە گرنگ ناوهێنا و گوتی: "سیستەمی ئێمە فیدراڵییە، واتە حکومەتێکی ناوەندی و حکومەتە خۆجێیەکان، کاتێک دەستوور دەخوێنێتەوە دەبینیت کە دەسەڵاتی فراوان دراوەتە ئەنجوومەنی پارێزگاکان."
 
تایبەت بەو کێشانەی لە ئامێرەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە رۆژی دەنگدانی تایبەت هەبوو، سەرۆکی هاوپەیمانی نەبنی گوتی: "بەڵێ هۆکار هەیە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەوان، کۆمیسیۆن بەرپرس نییە، بەڵکو لایەنی هونەرییە ئەوە، ئیدی ئەوانەشی هەن ئامێری ئەلیکترۆنیین کێشەیان دەبێت، هەر ئامێرێک جار جار پەکی دەکەوێت، مۆبایلەکەت جاری وایە کێشەی تێدەکەوێت، بۆیە ئەو کێشە و پەککەوتنە بە ئەنقەست نییە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، کۆمیسیۆن  هەموو هەوڵێکی دا بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت بە شێوەیەکی باش، بەڵام ئەوەی روویدا کێشەیەکی هونەری بووە، بۆیە پێویستە لەسەرمان بیر لە رێگەی دیکە بکەینەوە، من باوەڕام وایە بگەڕێینەوە بۆ هەڵبژاردنی دەستی، وەکو ئەوەی لە زۆر لە وڵاتانی جیهان هەیە."
 
رۆژی شەممە، 16ـی کانوونى یەکەم، دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەبوو، بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان راپۆرتی کۆتاییان بەهۆی کێشەی هونەرییەوە نەنارد. ئەمڕۆ دووشەممەش دەنگدانی گشتی بەڕێوەچوو، کە 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کە مافی دەنگدانیان هەبوو.