هاوپەیمانیی تۆڕ و رێکخراوەکانی چاودێریی هەڵبژاردن: تاوەکو نیوەڕۆ 541 پێشێلکاریمان تۆمارکردووە

18-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاوپەیمانیی تۆڕ و رێکخراوەکانی نیشتمانی بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەشداری لە دەنگدان 25٪ بووە، دەشڵێت پێشبینی دەکەن رێژەکە زیاتر ببێت، هاوکات بەپێی سەرۆکی یەکێک لە رێکخراوەکانی ئەندام لەو هاوپەیمانێتییە 541 پێشێلکاریی و رووداویان تۆمارکردووە.
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 18-12-2023، هاوپەیمانیی تۆڕ و رێکخراوەکانی نیشتمانی بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە حەوت رێکخراو و تۆڕ ئەندامن تێیدا راپۆرتی یەکەمی لەبارەی رۆژی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بڵاوکردەوە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "رێژەی دەنگدان تاوەکو نیوەڕۆ گەیشتووەتە 25.38٪."
 
هاوپەیمانیی تۆڕ و رێکخراوەکانی نیشتمانی بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی رێگەنەدان بە بردنە ژوورەوەی مۆبایل، ژمارەیەکی زۆر لە راپۆرتی چاودێرانیان پێنەگەیشتووە بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە فۆرمی چاودێری و مۆبایل ببەنە ژوورەوە.
 
هاوپەیمانێتییەکە دەڵێت، تاوەکو ئامادەکردنی راپۆرتەکە، 706 راپۆرتیان لەلایەن چاودێرانی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقەوە پێگەیشتووە. ئەو وێستگە و بنکانەشی کە راپۆرتەکانیان لەبارەوە هاتووە 401 هەزار و 33 دەنگدەریان هەبووە.
 
بەپێی راپۆرتی ئەو هاوپەیمانێتییە تاوەکو کاژێر 12:00ـی پاشنیوەڕۆ 541 رووداو و پێشێلکاری تۆمارکراون، لەنێویاندا 115 پێشێلکاری بریتی بووە لە بانگەشەکردن لە دووریی کەمتر لە 100 مەتر لە بنکەکانی دەنگدانەوە، جگە لەوەی ئەو کەسانەشی بۆیان نییە بچنە نێو وێستگەکانەوە 21 پێشێلکاری بووە. 20 پێشیلکارییشیان بریتی بووە لە ناڕێکخستن لە چوونەژوورەوەی دەنگدەران، 16 دەرکردنی بەربژێران یان بریکارانی لایەنە سیاسییەکان لە ژووری دەنگدان، جگە لە 13 پێشێلکاریی دەرکردنی چاودێران لە بنکەکانی دەنگدان یان رێگریکردن لێیان یان لێوەرگرتنەوەی باجەکانیان.
 
هاوپەیمانێتییەکە 31 راوەستانی ئامێرەکانی لێکۆڵینەوەی تۆمارکردووە، جگە لە ئامادەنەبوونی ئەندامانی کۆمیسیۆن لە کاتی دەنگدان کە 18 جار بووە، جگە لەوەش راوەستانی دەنگدان بەهۆکاری جیاواز 26 جار تۆمارکراوە.
 
ئەحمەد حوسام، سەرۆکی دامەزراوەی نوور، کە ئەندامە لە هاوپەیمانیی تۆڕ و رێکخراوەکانی نیشتمانی بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 18-12-2023، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرباری تێبینییەکانمان و ئەو خاڵە نەرێنییانەی باسمانکردوون، چەند خاڵێکی دیکەی ئەرێنیشمان تۆمارکردووە، بەڵام بەگشتی کەمیی رێژەی دەنگدان یەکێکە لە دیارترین ئەو تێبینییانەی هەبوون، بەڵام بەگشتی پێشبینی دەکەین لە دوای نیوەڕۆوە تاوەکو داخستنی بنکەکان رێژەی دەنگدان زیاتر ببێت و خەڵکێکی زیاتر بەشداری لە دەنگدان بکەن."
 
رۆژی شەممە، 16ـی کانوونى یەکەم، دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەبوو، بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان راپۆرتی کۆتاییان بەهۆی کێشەی هونەرییەوە نەنارد. ئەمڕۆ دووشەممەش دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت، کە 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کە مافی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن لە 7116 بنکەی دەنگدان و 35 هەزار و 553 وێستگە دەنگ بدەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت