هاککەرێک پێگە ئەلیکترۆنییەکانی حکومەتی عێراق هاک دەکات

رووداو - هەولێر 

لە هێرشێکی ئەلیکترۆنیدا هاککەرێک پێگەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی هاککرد، دواتر پێگەی کۆمەڵێک دامەزراوەی دیکەشی هاککرد و پەیامێکی لەسەر پێگە لەکارکەوتووەکانی حکومەتی عێراق جێهێشتووە.

ئەو هاککردنە پێگەی وەزارەتەکانی بەرگریی، تەندروستی، پەروەردە، نەوت و بازرگانی حکومەتی عێراقی گرتووەتەوە و تەواوی ئەو پێگە ئەلیکترۆنییانەی پەیوەستن بە وەزارەتەکانەوە لەکارکەوتوون.

هاککەرەکە پەیامێکی لەسەر ئەو پێگە ئەلیکترۆنییانە داناوە و تێیدا نووسراوە ''دوژمنانی ژیان.. ئەمشەو مەنوون، چونکە هەورە برووسکە لێتان دەدات''، هەر لەنێو پەیامەکەشدا روو لە رۆژنامەڤانان دەکات و دەڵێت ''ئەگەر ئێوە نیشتمانەکەتان خۆشدەوێت، رووماڵی ئەم رووداوە بکەن''.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە ''پەیامێک لە هەناوی وڵاتەوە، ئێمە زۆر لەو کێشانە گەورەترین''. هاوکات پەیامێک ئاراستەی کارمەندانی کۆمپانیای پەیوەندی و زانیاری لە وەزارەتی گەیاندنی عێراق دەکات و داوایان لێدەکرێت دەستلەکاربکێشنەوە یان لەو وەزارەتە نەمێنن و کارمەندانی ئەو وەزارەتە تۆمەتباردەکرێن بەوەی دەستیان لە کوشتنی عێراقییەکاندا هەیە.

جگە لە پەیامەکە، هاککەرەکە نووسراوێکی نهێنیی تایبەت بە دەستگیرکردنی نەعیم عەبووب، ئەمینداری پێشووی بەغدا بڵاوکردووەتەوە کە پێشتر نووسینگەی وەزیری ناوخۆی عێراق ئاراستەی پۆلیسی ئینتەرپوڵی کردووە بۆ دەستگیرکردنی ناوبراو.