بۆ قوتابییان و مامۆستایانی نەینەوا کە لە هەرێمی کوردستانن سبەی کرایە پشوو

رووداو دیجیتاڵ

بە بڕیاری پارێزگاری نەینەوا، ئەو قوتابیانە و مامۆستایانەی نەینەوا کە لە هەرێمی کوردستانن، سبەی (سێشەممە) بۆیان کرایە پشوو.
 
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بە بڕیاری عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا سبەی (سێشەممە) لە قوتابخانەکانی سەر بە پەروەردەی نەینەوا کە لە نوێنەرایەتیی پەروەردەکانی پارێزگەکانی هەولێر و دهۆک دەوام دەکەن پشووی فەرمی دەبێت.
 
هۆکاری پشووەکە وەک رەفعەت سمۆ باسی دەکات بۆ ئەوەیە "سەرجەم کارمەندانی پەروەردەیی و سەرجەم خێزانەکان، بگەڕێنەوە پارێزگای نەینەوا و بەشداربن لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوون."
 
یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی دەڵێت، سبەی لە پارێزگای نەینەوا دەوام ئاساییە و نەکراوەتەوە پشوو؛ بەڵام بۆ قوتابیان و مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە کە لە نوێنەرایەتیی پەروەردەکانی هەولێر و دهۆک دەوام دەکەن، کراوەتەوە پشوو، چونکە لەکاژێر 12:00ـی سبەی شەوەوە، قەدەخەی هاتووچۆ دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
تاوەکو ئێستا لەو پارێزگایانەی سبەی کراوەتە پشووی فەرمی: کەرکووک، میسان، کەربەلا، هەروەها لە زانکۆکانی تکریت و سامەڕا لە پارێزگای سەلاحەدین کراونەتە پشوو.