رووداو دیجیتاڵ
ژنێکى بیانى لەلایەن دادگەیەکى عێراقەوە بە تۆمەتى بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر بە لەسێدارەدان سزا درا و پیاوێکى بیانیش بەهەمان تۆمەت سزاى بەندکردنى تاهەتایی درا.
بڕیاری سزادانى ئەو دوو کەسە بیانییە لەلایەن هەردوو دادگەى تاوانەکانى دیالەوە و بەغداوە دەرکراوە، بەبێ ئەوەی ئاشکرای بکەن ئەو دوو کەسە بیانییە لە بنەڕەتدا خەڵکی چ وڵاتیکن.
ئەمڕۆ (دووشەممە، 18ـی تشرینى دووەمی 2024) ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی سزادانى تۆمەتبارانى ئەو دوو دۆسیەیەى بڵاوکردەوە.
ژنە بیانییەکە ئەندامی باندێکى سێ کەسی بووە، کە بازرگانیان بە مادەى هۆشبەرەوە کردووە، لەکاتى دەستگیرکردنیاندا یەک کیلۆ مادەى هۆشبەرى جۆرى ئەمفیتامین و دوو تەرازووی ئەلیکترۆنییان پێگیراوە، کە بەکاریانهێناوە بۆ فرۆشتن بە ئاڵوودەبووانى مادەى هۆشبەر.
ئەو سێ کەسە، کە دووانیان عێراقین، لەلایەن دادگەى تاوانەکانى کەرخ لە بەغدا بە لە سێدارەدان سزادراون، ئەو بڕیارە بەگوێرەى بڕگەى یەکەمى مادەى 27ـی یاسای مادەى هۆشبەر و کاریگەرە دەروونییەکان کە تایبەتە بە هاوردەکردنى مادەى هۆشبەر بەمەبەستى بازرگانیکردن.
بیانییەکەى دیکە پیاوێک بووە لەلایەن دادگەى تاوانەکانى دیالە، کە بە تاوانى بازرگانیکردن بە مادەى هۆشبەر بە بەندکردنی تاهەتایی سزا دراوە، لە کاتى دەستگیرکردنیدا 330 گرام مادەى میسافیتامینینى پێ گیراوە.
سزادانى ئەو کەسە بیانییە بەگوێرەى بڕگەى یەکەمى مادەى 28ـی یاسای مادەى هۆشبەر و کاریگەرە دەروورنییەکان بووە، کە تایبەتە بە بەکارهێنان و هەڵگرتنى مادەى هۆشبەر، جگە لە سزاى زیندانى تاهەتایی، سزاى پێبژاردنشی هەیە کە لەنێوان 10 بۆ 30 ملیۆن دینارە.
لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، لە عێراق دەست بەسەر تۆنێک و 822 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە و حەوت هەزار و 705 کەسیش بەو تۆمەتە دەستگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ