رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، خوازیاری هاوبەشییەکی جدی و راستەقینەیە لەگەڵ تورکیا و دەڵێت، دەخوازن تەرازووی بازرگانیی لەگەڵ تورکیا گەشە پێبدەن.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی دووشەممە 18-11-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازی لە عومەر بوڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا کرد کە بە سەرۆکایەتیی شاندێک لەگەڵ 150 پیاوانی کاری ئەنجوومەنی هەناردە و یەکێتیی بەڵێندەرانی تورکیا سەردانی عێراقی کردووە.
نووسینگەی سوودانی رایگەیاند: "عێراق کراوەیە بۆ دەستەبەرکردنی هاوبەشیی جدی و راستەقینە لەگەڵ تورکیا لە بوارە جیاوازەکان دا، بەتایبەتی حکومەت کۆمەڵێک چاکسازیی ئابووری کردووە بۆ رەخساندنی ژینگەی وەبەرهێنان لە نێوخۆی وڵات دا."
سوودانی گوتیشی، حکومەتەکەی دەیەوێ تەرازووی بارزگانیی نێوان هەردوو وڵات گەشە پێبدات لەگەڵ ئەو "گەشە خێرا پیشەسازییەی کە وڵاتەکەی بەخۆوەی بینیوە."
تەرازووی بازرگانی، یاخود هاوسەنگیی بازرگانی بریتییە لە جیاوازی نێوان بەهای داهات و هەناردەکردنی وڵات، بە ئاماژە گرنگەکانی ئابووریی دادەنرێت.
نیسانی ئەم ساڵ، تورکیا و عێراق 26 رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد؛ شەشیان تایبەت بوون بە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان، کشتوکاڵ و ئاو.
عومەر بوڵات، وەزیری بارزگانیی تورکیا ئاماژەی بە پرۆژەی ستراتیژیی رێگەی گەشەپێدان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پێشکێشکردنی هەموو هاوکارییەک بۆ ئەو "پرۆژە گرنگە" دەربڕی بۆ ناوچەکە و جیهان.
پڕۆژەی رێگە گەشەپێدان بەسەر 15 بەشدا دابەش دەکرێت و بە 11 پارێزگای عێراق تێدەپەڕێت؛ لە بەسرە دەستپێدەکات و لە پێشابوور بە تورکیا دەبەسترێتەوە. رێگەی گەشەپێدان شەمەندەفەر لە خۆدەگرێت کە بەخێرایی 140 بۆ 160 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەڕوات بۆ گواستنەوەی کاڵاکان.
هەر لە دیدارەکەدا باسی کۆبوونەوەی لیژنەی ئابووریی بازرگانیی عێراقی- تورکی کراوە، کە دوو هەفتەی دیکە کارەکانی دەستپێدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ