رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکانى سەر بە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق نووسراو ئاراستەى ئەو یانانە دەکات کە لەلاى ئەو فەرمانگەیە مۆڵەتپێدراون بۆ جێبەجێکرنى بڕیارى قەدەخەى خواردنەوە کحولییەکان و دەڵێت: "بەپێچەوانەوە رێوشوێنى یاسایى دەگیرێتەبەر".
بە گوێرەى نووسراوێکى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکانى سەر بە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، کە ئاراستەى یەکێک لە یانەکانى کردووە لەوە ئاگاداریان دەکاتەوە دروستکردن و فرۆشتنى ماددە کحولییەکان بەهەموو جۆرەکانییەوە لە یانە کۆمەڵایەتییە تۆمارکراوەکان لەو فەرمانگەیە، قەدەخەیە.
نووسراوەکە لەلایەن ئەشرەف عەبدولکەریم، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکانەوە لە 17ى تشرینى دووەمى 2024 ئاراستەی یانەکان کراوە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە ئەو نووسراوە ئاماژەکردن بووە بە دوو نووسراوى دیکەى وەزارەتى ناوخۆ لە11ى تشرینى دووەمى 2024 و دەستەى گەشتوگوزار لە 10ى تشرینى یەکەم.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکرێت رێوشوێنى یاسایی دەگیرێتەبەر.
قەدەخەکردنى خواردنەوە کحولییەکان لە هەموارى یاساى داهاتى شارەوانییەکاندا هاتووە کە لە 20ـی شوباتى 2023 چووە بوارى جێبەجێکردنەوە.
لە مادەی 14ـی یاساکە هاتووە: "هاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە قەدەخە دەکرێت."
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئاراستەکردنى ئەو نووسراوە لەسەر داواى وەزارەتى ناوخۆ بووە بۆ تووندکردنەوەی رێوشوێنەکان لە دژى بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە خواردنەوە کحولییەکان بە تایبەت لە شوێنە گەشتیارییەکان.
بڕگەی دووەمی ئەو یاسایە سزای بۆ ئەو کەسانە دیاریکردووە، کە پێچەوانەی ئەو دەقە کاردەکەن، ئەویش پێبژاردنی داراییە کە لە 10 ملیۆن دینار کەمتر نییە و لە 25 ملیۆن دیناریش زیاتر نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ