دوای لەکارلادانی حەلبووسی، سوننەکانی بەغدا داوای یەکگرتوویی دەکەن

18-11-2023
ئەنمار غازی
ئەنەس محەممەد، کاسبکارێکی دانیشتووی ئەعزەمییەی بەغدا: ئێمە یەکگرتوویی عێراقمان دەوێت
ئەنەس محەممەد، کاسبکارێکی دانیشتووی ئەعزەمییەی بەغدا: ئێمە یەکگرتوویی عێراقمان دەوێت
نیشانەکردن محەممەد حەلبووسی سوننە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمان لە پۆستەکەی، لایەنە سوننەکان هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێ دەدەن کە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەچێت، بۆ ئەوەی دەنگێکی یەکگرتوویان هەبێت و داکۆکی لە مافی دەنگدەرانیان بکەن، بەڵام دوور لە پارتی تەقەدووم، کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتیی دەکات، ئەمە وەک سەرکردە سوننەکان باسی دەکەن. 
 
لەیس دلێمی، ئەندامی هاوپەیمانیی حەسمی نیشتمانی دەڵێ "پێکهێنانی تیمێک بۆ نوێنەرایەتیکردنی پارێزگە ئازادکراوەکان، لەسەر بنەمای تایفەگەری یان هیچ شتێکی دیکە نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای رێکخستن و بەئەنجامگەیاندنی کارەکانە، بۆ ئەوەی هیچ کەسێک خۆی جیانەکاتەوە و خۆی بەسەر کەسێکی دیکەدا زاڵ نەکات، دوای ئەو ئەزموونە تاڵەی لەو ماوەیەدا تووشی بووین، کە حەلبووسی دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت و سەرچاوەکانی قۆستەوە، بە شێوەیەک کە ئیرادەی خۆی بەسەر هەموو هێزە سیاسییە سوننەکاندا سەپاند. ئەم ئەزموونە هەرگیز نابێت دووبارەببێتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە رێککەوتنێک لەنێوان هێزە سیاسییەکان و لایەنەکان و هاوپەیمانییە سوننەکان کرا لە ئەنجامی راوێژ و کۆبوونەوە و دیدارە هاوبەشەکان، دوای راگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەندامیێتی حەلبووسی لە پەرلەمان و تائەمڕۆش بەردەوامن."
 
لە ناوچەی ئەعزەمییەی بەغدا کە زۆرینە سوننەیە، هاووڵاتییان باسی نائومێدبوونیان لە ئەزموونی پارتە سیاسییەکان دەکەن، کە بە پارتی تایفەگەر ناویان دەبەن. هاووڵاتییان، ئەوانەی قسەیان بۆ رووداو کردووە داوای یەکڕیزیی عێراقییەکان دەکەن بەبێ جیاوازی. 
 
ئەنەس محەممەد، کاسبکارێکی دانیشتووی ئەعزەمییە دەڵێ "ئێمە یەکگرتوویی عێراقمان دەوێت، کە لە هەمووی گرنگترە. یەکگرتوویی عێراق لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە، ئەو شتە چ هاوپەیمانیی سوننە، شیعە، یان کورد بێت، ئێمە دەڵێین ئەوەی لە هەمووی گرنگترە ئەوەیە، عێراق یەکدەستبێت و پێکەوە لە بەرژەوەندیی وڵات کاربکەن."
 
عەمار حەمەد، فەرمانبەرە و دانیشتووی ئەعزەمییەیە، باسی ئەوە دەکات "نابێت بەردەوام بین لە باسکردنی مەزهەبەکان و بڵێین ئەم لایەنە شیعەیە و ئەمەش سوننەیە، چونکە وڵات بە لاوازی دەمێنێتەوە و هیچی لێ سەوز نابێت. ئەگەر بەم شێوەیە بمێنینەوە، بەردەوام دەبین لە چەقبەستن، لە شوێنی خۆمان دەمێنینەوە و خراپتریش دەبین، دەبێت رێبازەکە بگۆڕدرێت و گوتارەکەش گوتارێکی نیشتمانی بێت." 
 
پەرلەمانی عێراق چاوەڕێی دەستپێکردنی خولی نوێی یاسادانان دەکات لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا، بۆ کردنەوەی دەرگەی پاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەڵبژاردنی کەسایەتییەکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی دەزگای یاسادانانی فیدراڵی.
 
دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکان، سەختترین ململانێ لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەبێت تەنانەت ئەگەر هاوپەیمانە نوێیەکەی سوننەکانیش تەواو بێت، ئەمە بەگوێرەی پێشبینییە سیاسییەکان. 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.

سوودانى: مەترسییەکانمان لەسەر عێراق دوورخستنەوە

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند: حکومەتەکەى توانیویەتى مەترسییەکان لەسەر عێراق دوور بخاتەوە و داواى لە فەرماندە سەربازییەکانى نەینەوا کرد، جگە لە پیشەیی بوون مامەڵە بەهیچ پێوەرێکى دیکە نەکەن لە دابەشکردنى بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکاندا.