دەزگای شەهیدانی عێراق چوار خۆپێشاندەرەکەی کەرکووک بە شەهید تۆمار دەکات

رووداو دیجیتاڵ

ئەو چوار کەسەی لە خۆپێشاندانەکانی کەرکووک گیانیان لە دەستدا، لەلایەن دەزگای شەهیدانی عێراق وەکو شەهید هەژمارکران، ئەمە لە کاتێکدایە لە هەرێمی کوردستانیش بڕیار دراوە، وەکو شەهید مامەڵەیان بۆ بکرێت.
 
عەبدولئیلاهـ نائیلی، سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق، دوێنی، 17-10-2023  رەزامەندی دا لەسەر راییکردنی مامەڵەی شەهیدانە بۆ هەریەک لە حوسێن سابیر محەممەد ئەحمەد، هەڤاڵ ستار سەعید، سەمەد محەممەد رەمەزان و هاوکار عەبدوڵڵا رەمەزان، کە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی ئەمدواییانەی کەرکووک گیانیان لە دەستدا.  
 
تارق مەندەلاوی، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای شەهیدان و قوربانیانی تیرۆر لە دەزگای شەهیدان، رۆژی 18-10-2023  بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژمارەیەک کەس لە رووداوەکانی کەرکووک بەهۆی هەڵەی سەربازی بوونە قوربانی، پاڵپشت بە پەراوێزی بەڕێز عەبدولئیلاهـ نائیلی، سەرۆکی دەزگای شەهیدان و یاسای ژمارە 20ـی 2009 ئەمانە شەهیدانە دەیانگرێتەوە."
 
مەندەلاوی دەڵێت، "سەرۆکی دەزگای شەهیدان رەزامەندی و پەراوێزی نوسیوە لەسەر داوایەکی کەسوکاری ئەو قوربانییانە کە لە رێگەی پارێزەرکانیانەوە پێشکێشیان کردبوو، تێیدا بە روون و راشکانەوە داوا لە دەزگای شەهیدانی لقی کەرکووک کراوە مامەڵەی ئەمانە رایی بکات."  گوتیشی، "بەپێی یاسا، مووچەی مانگانەی میراتگرانی هەریەک لەمانە، ملیۆنێک و 200 هەزار دینارە." 
 
لەبارەی وادەی خەرجکردنی مووچەکانیان، تارق مەندەلاوی گوتی، "راییکردنی مامەڵەکانیان لە رێگەی دەزگای شەهیدانی لقی کەرکووک دەبێت، دوای وردبینی ئەمنی، دواتر دۆسیەکانیان دەخرێتە بەردەم سەرۆکی لقی کەرکووکی دەزگای شەهیدان و ئەو لیژنەی پێکهێنراوە. دوای پەسندکردنیان مامەڵەکان بۆ دەستەی خانەشینی نیشتمانی  بەرزدەکرێتەوە بۆ ئەوەی مووچەکانیان بۆ ببڕنەوە و بەپێی یاسا بەسەر میراتگارەکانیان دابەش بکرێت". 
 
کاژێر 17:00ـی 02-09-2023 ، لە گەڕەکی رەحیماوەی کەرکووک هاونیشتمانییان لەدژى داخستنى رێگەى هەولێر - کەرکووک دەستیان بە خۆپێشاندان کرد، بەڵام گرژیی تێکەوت و چوار خۆپێشاندەر بە گولـلە گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
رۆژێک دوای رووداوەکە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی دا ئەوانەی لە رووداوەکانی کەرکووک گیانیان لەدەستدا، بە شەهید هەژمار بکرێن و بریندارەکانیش هەموو هاوکارییەکی تەندروستی بکرێن.