مستەفا کازمی: عێراق خاوەنی 85 ملیار دۆلار و 134 تۆن زێڕە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە دیارنەمانی 2.5 ملیار دۆلار لە یەکێک لە بانکەکانی حکومەت کردووە و دادگەش لە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە. هاوکات هێرش دەکاتە سەر هەندێک کەس و لایەن کە گوایە بابەتەکە بۆ "پەردەپۆشکردنی گەندەڵیی خۆیان و تێوەگلانیان" لێی بەکاردەهێنن؛ رەخنەی تووندیش لە بەشێک لە سیاسەتمەداران دەگرێت و دەڵێت، "پەرلەمان چاودێری حکومەت نەبووە، بەڵکو بەرهەڵستکاریی زۆری کردووە."
 
رۆژی سێشەممە 18-10-2022 مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کرد و تێیدا تاوتوێی ژمارەیەک پرس کرا و کازمییش گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەگەر دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کابینەکەی نەبێت، یەکێک دەبێت لە دوایین کۆبوونەوەکانی، مستەفا کازمی چەند جارێک باسی دەستکەوتەکانی حکومەتەکەی کرد و رایگەیاند، "سوپاس بۆ خودا، بە ئارامگرتن و ژیری، توانیمان هەموو ئاستەنگەکان تێپەڕێنین؛ لە سەرەتاوە پلانی چاکسازیمان بۆ بواری ئابووری داڕشت و لەڕێگەی کاخەزی سپییەوە تێڕوانینێکی نوێی ئابووریمان ئامادە کرد. سەرکەوتین لە رزگارکردنی ئابووریمان و لە قۆناخی رووخانەوە بۆ گەشەکردن گۆڕیمان. ئێستا بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییە رەچاوکراوەکان، عێراق خێراترین گەشەکردنی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە و دووەم وڵاتیشە لە جیهاندا لە گەشەکردن بە رێژەی 9.3%. ئەمە راپۆرتێکی نێودەوڵەتییە و جەخت لە دروستیی ئەوە دەکاتەوە کە حکومەت کردوویەتی."
 
سەبارەت بە یەدەگی عێراق لە زێڕ و دراوە بیانییەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند ژمارەیەکی ئاشکرا کرد و گوتی، "یەدەگێکمان وەرگرت کە لە پاشەکشەدا بوو و 49 ملیار دۆلار بوو؛ ئەمڕۆ یەدەگمان 85 ملیار دۆلارە؛ هەروەها یەدەگی زێڕمان نزیک بوو لە 96 تۆن، بەڵام ئەمڕۆ 134 تۆن زێڕمان هەیە. ئەمە هەڕەمەکی نەهات؛ هەندێک دەڵێن بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوەیە، نەخێر راست نییە؛ زۆرێک لە وڵاتانی جیهان کاتێک نرخی نەوت بەرز بووەوە گەشەیان نەکرد و گەشەپێدان نەبوو، بۆچی؟ ئەو کاخەزە سپییە هۆکار بوو کە کردمان."
 
هۆکارێکی دیکە بە گوتەی کازمی، "ئەوە بوو کە لە ساتەکانی یەکەمەوە تێڕوانینمان هەبوو بۆ چاکسازی لە وەزارەتی دارایی کە وەزیری پێشوو پێی هەستا و ژمارەیەک پڕۆژەی چاکسازیمان پێشکێش کرد، بەڵام لەلایەن پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانتارانەوە رووبەڕووی دژایەتیی زۆر بوویەوە بۆ رێگریکردن لە چاکسازی لە وەزارەتی دارایی."
 
کازمی کە بەهۆی دۆسیەی دزینی نزیکەی 2.5 ملیار دۆلار لە سپاردەکانی بانکی رافیدەین و تێوەگلانی ژمارەیەک بەرپرس، بەتایبەت لە دەستەی باجەکان کە پارەکە لە سپاردەکانی ئەوان براوە، هێرشی زۆری دەکرێتە سەر و تۆمەتبار دەکرێت، دەڵێت، "تایبەت بە بابەتی سپاردەکان لە باجەکان کە ئاشکراکردنیمان راگەیاند، هەندێک ویستیان گەندەڵ و دزەکان بپارێزن لەڕێگەی گۆڕینی ئاراستەی تۆمەتەکە یان تۆمەتبارکردنی حکومەت؛ بەڵام ئەمە پەیوەندیی بە حکومەتەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە فەرمانگەیەک لە فەرمانگەکانی وەزارەتی داراییەوە هەیە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، یەکەم کەس بووم ئاگاداریم داوەتە بەڕێز وەزیری پێشووی دارایی لەسەر ئەو دیاردەیە لە ساڵی 2021 و داوام لێکرد لێکۆڵینەوە بکات. دکتۆر عەلی عەللاوی، وەزیری پێشووی دارایی فەرمانێکی دەرکرد بە قەدەخەکردنی خەرجکردنی هەر سپاردەیەک لە باجەکان بێ رەزامەندیی وەزیر."
 
لەسەر ئەو بابەتە، سەرۆکوەزیرانی عێراق زیاتر روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، "لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەستیپێکرد؛ هەندێک دەیانەوێت هەموو سەرکەوتنێک پەکبخەن. لە رۆژی یەکەمەوە پرۆژەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیمان راگەیاند و دژایەتیی گەندەڵیمان کرد و رووبەڕووی گوشاری گەورە و هەڕەشە و هەراسانکردن بووینەوە. بینیشمان ئەم حکومەتە چاودێریی پەرلەمانیی دەستنەخست، هۆکارەکانی روونە، بەڵکو بەردەوام بەرهەڵستکاریمان کرا."
 
مستەفا کازمی، کە لە 7ی ئایاری 2020 بووە سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاماژە بە رێرەوی کارەکانی دادگە لەبارەی کەیسەکەوە دەکات کە بووەتە مژارێکی شەقامی عێراقی و دەڵێت، "دادگە چەند مانگێک دەبێت بە هێمنی دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە، بەڵام هەندێک کە زانییان لێپرسینەوەیان پێدەگات، هەوڵیاندا پشێوی دروستبکەن. هەندێک کەس دۆخەکەیان قۆستووەتەوە بۆ دروستکردنی شڵەژانێک بۆئەوەی پەردەپۆشیی گەندەڵکارە راستەقینەکان و هۆکارەکانی ئەم کێشەیە بکەن."