ڤیان سەبری: پشکی کورد لە پۆستەکاندا 20 بۆ 22٪ دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، هێشتا دیارنییە چ رۆژێک پەرلەمان بۆ دەنگدان بە کابینەکەی سوودانی کۆدەبێتەوە، چونکە دەبێت پێشتر پەرلەمان لەسەر کارنامەی حکومەت و دیاریکردنی رۆژی متمانەدان بە کابینەکە کۆببێتەوە. دەشڵێت، پشکی کورد لە پۆستەکاندا 20 بۆ 22٪ دەبێت.
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، سوودانی پێشتر بەڵێنی دابوو لە ماوەی هەفتەیەک یان دوو هەفتە کابینەکەی ئامادەبێت بۆ متمانەپێدانی لە لایەن پەرلەمانەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە پەرلەمان چ رۆژێک متمانە بە کابینەکەی دەدات، چونکە دەبێت پیشتر دانیشتنێکی پەرلەمان بکرێت و کارنامەی حکومەت بخوێندرێتەوە، دواتر دەنگ لەسەر وەزیرەکان بدرێت.
بەگوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا لەسەر پرسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و کارنامەی حکومەتەکەی، سوودانی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
لەبارەی هەوڵەکانی سوودانی بۆ پێکێنانی حکومەتی عێراق و کارنامەی کابینەکەی، د. ڤیان سەبری گوتی، بەهۆی ئەوەی لایەنە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پێشتر لێکتێگەیشتن و گفتوگۆیان هەبووە لەسەر هێڵەگشتییەکانی کارنامەی حکومەت، ئەوەش کاری سوودانی ئاسانتر کردووە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی، گرنگترین ئەو خاڵانەی دەبێت کابینەکەی سوودانی کاری لەسەر بکات ئەوەیە کە کارنامەی حکومەت دەبێت بۆ چاکسازی و چارەسەرکردنی کێشەکان بێت، بە تایبەت پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەو بڕیارانەی کە حکومەتی کاربەڕێکار دەریکردوون لە رابردوودا، پێویستە پێداچوونەوەیان پێدابکرێت.
د. ڤیان سەبری ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداش پرسێکی گرنگی کارنامەی حکومەتەکەی سوودانی دەبێت، بە تایبەت کاراکردنی ماددەی 140 و هاوئاهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و بابەتی نەوت و پێشمەرگە و بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لە کارنامەکە دەبێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەسەر تەوەرە سەرەکییەکانی کارنامەی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەر سێ هێڵ و تەوەری سەرەکی پێکهێنراوە کە ئەوانیش: هاوبەشیی راستەقینە، هاوسەنگی و رێککەوتنی سیاسی لەسەر پرسە گرنگەکان.
لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکانی نێو کابینەی نوێی حکومەت، د. ڤیان سەبری پێیوایە کە دابەشکردنی پۆستەکان بەگوێرەی خاڵ دەبێت، بۆنموونە: سەرۆکایەتیی کۆمار 30 خاڵ و جێگر 25 خاڵ و وەزیر 20 خاڵ. بەگوێرەی پێگەی کورد لە پەرلەمانی عێراق، پشکی کورد لە پۆستەکاندا 20٪ تاوەکو 22٪ دەبێت.