رووداو دیجیتاڵ
160 پەرلەمانتاری عێراق داوا لە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکەن ئەو سەرۆکی دەستە و پارێزگارانەی کە تەمەنی خانەنشینیان هاتووە، خانەنشین بکرێن و بڕیاری ئەنجوومەنی دەوڵەت لەوبارەیەوە جێبەجێ بکات.
160 پەرلەمانتار بە واژۆی خۆیانەوە داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق و بە دیاریکراوی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکەن سەرۆک و پارێزگاری ئەو دەستە و دامەزراوە سەربەخۆیانەی تەمەنی خانەنشینییان هاتووە، خانەنشین بکرێن.
لە نووسراوی ئەو پەرلەمانتارانەدا هاتووە: "بەپشتبەستن بە رۆڵی چاودێرییمان بەپێی دەستوور و یاسا و بۆ پشتیوانیکردنی دامەزراوەکانی دادوەری و بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجوومەنی دەوڵەت لە 12ـی نیسانی ساڵی 2024 و بڕیارێکی دیکەی لە 1ـی ئابی 2024، داوا دەکەین پارێزگاری دامەزراوەکان و سەرۆکی دەستەکانی سەربەخۆ، ئەوانەی 60 ساڵیان تەواو کردووە خانەنشین بکرێن."
کاروان یاروەریس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمەش واژۆمان لەسەر ئەو داواکارییە کردووە، چونکە بەشێک لە سەرۆکی دەستەکان و پارێزگارەکان بە نموونە پارێزگاری بانکی ناوەندی گەیشتوونەتە تەمەنی خانەنشینی کە 60 ساڵە و دەبێت بەپێی یاسا خانەنشین بکرێن."
لە عێراق ژمارەیەک دەستەی سەربەخۆ هەن، جگە لەوەی ژمارەیەک دامەزراوە هەن سەرۆکەکانیان پلەکانیان "پارێزگار"ـە، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، یەکێکە لە دیارترین ئەو کەسانەی تەمەنی خانەنشینی هاتووە.
لە عێراق کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ، دەستەی دەستپاکی، لەو دەستانەن کە سەر بە پەرلەمانی عێراقن، بانکی ناوەندی و ژمارەیەک دەستەی دیکەش سەر بە حکومەتن، هەروەها دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی راگەیاندن و گەیاندن، دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە، کریستیان و ئایینەکانی دیکە، دامەزراوەی شەهیدان، دەستەی باڵای لێپرسینەوە دادپەروەری و دادگەی باڵا، سەربەخۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ