بازرگانیی عێراق بۆ رووداو: راگرتنى ناوى لە دایکبووانى نوێ بۆ کۆبۆنى خۆراک بەهۆى وردبینییەوەیە

18-09-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانیی عێراق رایگەیاند، راگرتنى زیادکردنى ناوى لەدایکبووانى نوێ بۆ کۆبۆنى خۆراک بەهۆى وردبینى بووە، لەگەڵ کۆتاییهاتنى بە ئەلیکترۆنیکردنى کۆبۆنەکە، ئەو ناوانەش زیاد دەکرێن.
 
چوارشەممە 19-09-2024 محەممەد حەنوون، گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانیی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو وردبینیکردنەی لە کۆبۆنى خۆراک کراوە، بۆ پاراستنى پارەى گشتى و رێگرییە لە فێڵکردن و زیادکردنى ناوى نوێ و ناوى دووبارە کە پێشتر هەبووە."
 
لە بە ئەلیکترۆنیکردنى کۆبۆنى خۆراکدا، سەرجەم زانیارییەکانى سەرۆکى خێزان و ئەندامەکانی لەسەر بنەماى بەڵگەنامەکانیان تۆمار دەکرێن، ئەویش بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە فۆڕمى کاخەزیی خۆراک.
 
محەممەد حەنوون رایگەیاند، بە ئەلیکترۆنیکردنى کۆبۆنى خۆراک، رۆڵ دەبینێت لە پاراستنى پارەى گشتى و کار ئاسانى بۆ رێوشوێنەکانى هاووڵاتیان دەکات لەوانەى تایبەتن بە کۆبۆنى خۆراک کە هەرچى پێویست بێت لەو کۆبۆنە لە ئەپڵیکەیشنێکەدا دەیبینێتەوە لەسەر مۆبایلەکەى دەبێت، دەشتوانێت هەموو ئەو رێوشوێنانەى پەیوەستن بەو کۆبۆنەوە لە مۆبایلەکەیەوە بیانکات.
 
هەنگاوى یەکەمى بە ئەلیکترۆنیکردنی کۆبۆنى خۆراک لە پارێزگاکانى دهۆک، نەجەف، کەربەلا، کەرکووک بەغدا و موسەننا دەستیانپێکردووە.
 
گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانیی عێراق  گوتى: "گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیایەکى کەرتى تایبەتى عێراقى واژۆ کردووە بۆ ئەوەى رۆڵ ببینێت لە بە ئەلیکترۆنیکردن و خێراکردنى پرۆسەکە، لە چەند رۆژى داهاتوودا لە پارێزگاکانى دیکەش بە پشتبەستن بە کارتى نیشتمانی دەستپێدەکات".
 
پرۆسەکە بۆ سێ قۆناخە، نوێکردنەوەى زانیارییەکان، داخڵکردنى بۆ پرۆگرامە ئەلیکترۆنییەکە، سێیەمیان بریکارى خۆراک هەموو کارەکانى لە رێگەى مۆبایلەکەیەوە دەکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە