سوودانى بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت

18-09-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن محەممەد شیاع سوودانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆكوەزيرانى عێراق بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمريکا بەڕێکەوت، ئەوەش بە مەبەستى بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانى کۆمەڵەى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ بڕیارە سوودانی 22ـی ئەیلوول گوتاری عێراق پێشکێش بکات.
 
18ـی ئەیلوولى 2023، نووسینگەى رۆژنامەڤانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانى لە بەغداوە بەرەو شارى نیویۆرکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەڕێکەوتووە بەمەبەستى بەشداریکردن لە خولى 78ـەمینی کۆبوونەوەى کۆمەڵەى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. 
 
ئەوە یەکەم گەشتى سوودانییە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لەدواى دەستبەکاربوونى وەک سەرۆکوەزیرانى عێراق لە 28ـی تشرینى یەکەمى 2022.
 
بڕیارە 22ـی ئەیلوول محەممەد شیاع سوودانى، گوتارى عێراق لە کۆبوونەوەى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکێش بکات و چاوەڕێ دەکرێت سەرنج بخاتە سەر دۆخی وڵاتەکەی و ناوچەکە.
 
سەرکردەکانی جیهان ئەم هەفتەیە لە نیویۆرک کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی وڵاتانی جیهان لە بوارە جیاوازەکانی وەک نەهێشتنی هەژاری و برسیێتی، پێشخستنی پەروەردە و کەمکردنەوەی جیاوازیی رەگەزی و رەخساندنی هەلیکار، تاوتوێ بکەن.
 
بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی جیهان لە دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی 2030، پاشەکشەیان کردووە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لەڕووی کەمکردنەوەی هەژارییەوە، پێشکەوتنەکان زۆر سنووردار بوون و لە چەند ساڵی رابردووشدا هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی هەژاری لە چەندین ناوچەی جیهاندا پاشەکشەیان کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە