کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشداریی لە چلەی ئیمام حوسێن دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

لەنێو زیارەتکارانی ئێران بە سەدان کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان هەبوون کە بە شین و گریانەوە لە مەزاری ئیمام حوسێن و عەباسی برای لە کەربەلا دەگەڕانەوە. 
 
حەکیم موڕادی، کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە قەزوانیەوە هاتووە، 10 رۆژە لە عێراقە و بەنیازە ساڵی داهاتووش بەشداری بکاتەوە، دەڵێت: 90 کەس بووین لە قەزوێن لە ناوچەی ئەلەمووت.. کە لە قەزوێنەوە بەرەو باکووری ئێران دەچێت. دواتر 5 رۆژ لە کەربەلا، سێ رۆژ لە نەجەف و دوو رۆژیش لە سامەرا ماینەوە. 
 
بەشێکی زۆری زیارەتکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سوننە مەزهەب بوون لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێن، بۆ ئیمام حوسێن لە خۆماندا و نزامان کرد سوننە و شیعە تاسەر پێکەوەبن 
 
تەیب ئیسماعیل، دانیشتوویەکی مەریوانە و دەڵێت، "چوومە زیارەتی ئیمام حوسێن و ئیمام عەباس نزام کرد بۆ هەموو موسڵمان و بۆ ئەم عێراقەش تا رەوشەکەی سەقامگیربێت و هەموو موسڵمانان بە شیعە و سوننەوە پێکەوە یەکگرتووبن و بژین. من هەموو ساڵێک دێم و تەنیا ئەم ساڵ نییە، هەموو ساڵێک لە چلەدا من لە کەربەلا و نەجەف دەبم و لە خزمەتیاندا دەبم." 
 
بەپێی ئاماری راگەیاندنی عەتەبەی عەباسی، زیاتر لە پێنج ملیۆن زیارەتکاری ئێران هاتوونەتە عێراق و بەشدارییان لە مانگی موحەڕەم و چلەی ئیمام حوسێندا کردووە. 
 
عەلی بەدری، بەرپرسی راگەیاندنی عەتەبەی عەباسی رایگەیاند: ئەگەر گوزەرێک بەنێو ئەو شەقامانەدا بکەیت کە ئاراستەیان بەرەو کەربەلایە، تەنیا دوو ناونان دەبینیت، یەکێکیان سەردانیکەری حوسێن و ئەوەی دیکەشیان خزمەتکاری ئیمام حوسێنە. هەربۆیە پێشوازی لە برایانی کورد و تورکمان و تەواوی نەتەوەکانی دیکە دەکرێت چونکە ئیمام حوسێن کەشتی رزگارکەرە.
 
ئەمساڵ ڤیزەی عێراق بۆ زیارەتکارانی ئێران و لوبنان هەڵگیرا و تەواوی ئاسانکارییەکانیان بۆ کرا تاوەکو بگەنە بەغدا و نەجەف و کەربەلا؛ هەروەها خواردن، خواردنەوە و شوێنی خەوتیش بۆ بەشێکی زۆریان بێبەرامبەر بوو.