زیاتر لە دوو ملیۆن زیارەتکار چوونەتە عێراق و 679 هەزار گەڕاونەتەوە

18-08-2024
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە دوو ملیۆن و 210 هەزار زیارەتکارى چلەى ئیمام حوسێن لە دەروازە سنوورییەکانەوە چوونەتە عێراق و زیاتر لە 679 هەزاریان گەڕاونەتەوە. لە هەفتەیەکیشدا 39 رووداوى هاتووچۆ روویانداوە و بەهۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە. 
 
ميقداد ميرى، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى زیارەتکارانى چلەى ئیمام حوسێن رایگەیاند: "دوو ملیۆن و 210 هەزار و 70 زیارەتکار لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانەوە چوونەتە عێراق، ئەوانەى کە رۆیشتوونەتەوە، 679 هەزار و 165 زیارەتکارن".
 
ئەم ساڵ، 25ـى ئاب رۆژى یادى چلەى کوژرانى ئیمام حوسێن، سێیەم ئیمامى شیعەکانە کە مەزارگەکەى لە شارى کەربەلایە.
 
بەگوێرەى ئامارەکە، ژمارەی ئەو زیارەتکارانەى بەپێ چوونەتە شارەکانى عێراق، بەم شێوەیە بووە: 60%ـى زیارەتکاران لە میسان و 90% لە بەسرە، 40% لە موسەننا، دیوانییە 80%، واست 60%، بابل 57%، نەجەف 100% کە بە ئاراستەى کەربەلا رۆیشتوون و 40%ـى زیارەتکاران لە دیالەوە رۆیشتوون.
 
میقداد میرى گوتى "لە پارێزگاى زیقار هیچ زیارەتکارێک بەپێى نەچووەتە ژوورەوە".
 
زۆرینەى شوێنکەوتووانى شیعە بەپێ بەرەو شارى کەربەلا بەڕێدەکەون وەکو رێزلێنانێک بۆ ئەو یادە.  
 
لە سەرەتاى دەستپێکردنى رێوڕەسمەکانی زیارەتى چلەى ئیمام حوسێن، 28 هەزار و 615 سزاى سەرپێچیى ئۆتۆمبێل تۆمارکراون، لە  10 تاوەکو 17ـى ئاب، 39 رووداوى هاتووچۆ روویانداوە و بەهۆیەوە 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و 23 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
گوتەبێژى لیژنەى باڵاى زیارەتکارانى چلەى ئیمام حوسێن رایگەیاند، لە کەربەلا 13 هەزار و 480 کەژاوەى حوسێنى تۆمار کراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە