رووداو دیجیتاڵ
ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 22 پشکنەری گشتیی پێشوو بەسەر 19 وەزارەت و دامەزراوەی دیکەی عێراقدا دابەش دەکات. ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "نووسینگەکانی ئەو پشکنەرانە هۆکارێک بوون بۆ زیادکردنی گەندەڵی و بارگرانی بوون بەسەر حکومەتەوە."
بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق، ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران 22 پشکنەری وەزارەت و دەستەکان کە لەسەردەمی پۆڵ برێمەردا دامەزرابوون، بەسەر 19 وەزارەت و دامودەزگای دیکەدا دابەشکرد و پلەی باڵایان دەبێت.
ئەو پشکنەرانە بەسەر ئەم وەزارەت و دەستانەدا دابەشدەکرێن: وەزارەتی دارایی، وەزارەتی کشتوکاڵ، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، وەزارەتی بازرگانی، وەزارەتی داد، وەزارەتی رۆشنبیری، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، وەزارەتی نەوت، وەزارەتی دامەزراوەی شەهیدان، دیوانی وەقفی شیعە، دیوانی وەفی سوننە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دەستەی داواکانی موڵکایەتی، نووسینگەی سەرۆکوەزیران، دەستەی کاخەزە داراییەکان، راوێژکارێتی ئەنجوومەنی ئاسایش، دەستەی گشتی چاودێری داهاکانی فیدراڵی.
هادی سەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی گوت، "نووسینگەکانی پشکنەرانی گشتی سەرچاوەیەک بوون بۆ گەندەڵی، لەبری ئەوەی ببنە چاودێر بەسەر سەر وەزارەتەکانەوە. دابەشکاریی حیزبی و لایەنەکان وایکرد گەندەڵییەکانیان داپۆشرێن."
پۆڵ برێمەر لە شوباتی ساڵی 2004 بڕیاری دا پشکنەرانی گشتی لە هەموو وەزارەت و دامەزراوەکانی ناپەیوەست بە وەزارەتەکانەوە دابمەزرێنێت. ئەو پشکنەرانە دواتر نووسینگە و نزیکەی 10 هەزار فەرمانبەرانیشیان بۆ دامەزرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ