رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی بەریتانیا بانگهێشت دەکات و یاداشتێکی ناڕەزایەتیی پێدەدات.
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی ئابی 2024 رۆس کۆفیرداڵی، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیوزخانەی بەریتانیای بانگکرد و یاداشتی ناڕەزایەتیی رادەستکرد، ئەوەش بەهۆی لێدوانی ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق.
وەزارەتەکە باسی ئەوە دەکات، باڵیۆز لە دەرەوەی عێراقە، بۆیە هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانە بانگهێشت کراوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، "نێوەڕۆکی لێدوانەکانی ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بە جۆرێک لە کاروباری ئەمنی و سیاسی دەدەن کە وێنەیەکی رەشبینانە لەبارەی عێراق بە حکومەت و پێکهاتەکانیەوە نیشان دەدەن."
وەزارەتەکە قسەکانی ستیڤن هیچن بە "دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆی عێراق و دەرچوون لە ئەرکەکانی دیبلۆماسیی سەرشانی باڵیۆز" ناودەبات.
وەزارەتی دەرەوە دەڵێت، لە کاتی بانگهێشتکردنی هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق، بەکر ئەحمەد جاف، سەرۆکی فەرمانگەی ئەورووپا لە وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پێویستە کرانەوە لە ئەزموونی عێراق لە گۆشەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق نەیگوتوە باڵیۆز لە کوێ ئەو قسانەی کردووە، بەڵام ستیڤن هیچن لە بەرنامەی ئەمجارەی بێستوون تۆکی تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی پێنجشەممە 15-08-2024 پەخش کرا، باسی لە دۆخی عێراق کرد و گوتی، پێویستە ئاسایش و سەقامگیری بەهێز بێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بکرێت.
ستیڤن هیچن گوتی، "کێشەی گەشتیاری ئەوەیە پشت بە ئارامی و ئاسایشی وڵات دەبەستێت. بێگومان رەوشی ئەمنی 100 جار لە جاران باشترە، بەڵام هێشتا هەڕەشە لەسەر بەریتانییەکان هەر هەیە، تەنانەت هەڕەشە لەسەر منیش هەیە. هەندێ میلیشیا ئێمەیان خۆشناوێ، بۆیە زەحمەتە بۆ نموونە، خزمەکانی خۆم هان بدەم سەردانی عێراق بکەن. ئەمە بەشێکە لە کێشەی نەبوونی کۆنترۆڵی ئەمنی و نەبوونی کۆنترۆڵ لەسەر بڵاوبوونەوەی چەک، بەڵام پشت بەخودا چاوم لەو رۆژەیە کە گەشتیاران بە ژمارەی زۆر بگەڕێنەوە بۆ سەردانی ئەم وڵاتە جوانە".
لێدوانەکانی باڵیۆز دواتر لە سۆشیاڵ میدیای عێراق، ماڵپەڕ و دەزگاکانی راگەیاندن بڵاوبوونەوە و بەشێک رەخنەیان لێگرت و بەشێکیش پەسنیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ