باوکێک لە ئەنبار کچەکەی دەکوژێ و تەرمەکەی دەشارێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
باوکێک لە پارێزگای ئەنبار کچەکەی دەکوژێ و دواتر تەرمەکەی لە نزیک ماڵی خۆیان دەشارێتەوە.
ئەحمەد مەشهەدانی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە فەرماندەیی پۆلیسی ئەنبار، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 18-08-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ناوچەی زنگورە لە روومادی، باوکێک کچەی خۆی کوشتووە، دواتر لە ژوورێکی بچووک کە وەک کۆگا بەکارهاتووە لە نزیک ماڵەکەی، تەرمەکەی شاردووەتەوە."
ئەحمەد مەشهەدانی گوتی، دوای ئەوەی دایکی کچەکە پۆلیسی ئاگادارکردووەتەوە و سکاڵای لەسەر هاوژین و کوڕەزایەکی تۆمارکردووە، پۆلیس دەستی بە گەڕان و پشکنین کرد و تەرمەکەی لەو ژوورە دۆزیەوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە فەرماندەیی پۆلیسی ئەنبار دەڵێ، دوێنێ هێزەکانی پۆلیس تۆمەتبارەکانیان دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە.
ساڵی 2022 لە عێراق 5300 رووداوی کوشتن تۆمارکران.