نوێنەرى عەرەب و تورکمانى کەرکووک لەگەڵ مالیکى پرسی حکومەتى خۆجێیی تاوتوێ دەکەن

18-08-2024
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نوێنەرى تورکمان و عەرەبى کەرکووک لەگەڵ نووری مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا کۆبوونەوە. بەرپرسى یەکێک لەو پارتانەى بەشداریی کۆبوونەوەکەى کردووە دەڵێت: "بۆ ئەوە بووە مالیکى رۆڵی لە چارەسەرى کێشەى پێکھێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک هەبێت".
 
کۆبوونەکە ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـى ئاب لە بەغدا کرا. حەسەن توران، سەرۆکى بەرەى تورکمانى، راکان جبوورى، سەرۆکى هاوپەیمانیى عەرەبی، جاسم بەیاتى، ئەمیندارى گشتیى یەکێتیى ئیسلامى بۆ تورکمانى عێراق لە کۆبوونەوەکە بەشدار بوون.
 
تەحسین کەهیە، جێگرى ئەمیندارى گشتیى یەکێتیى ئیسلامى بۆ تورکمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "کۆبوونەوەکە بە نێوەندگیریى ئێمە بووە بۆ چارەسەرى کێشەى کەرکووک".
 
لە راگەیێندراوێکى یەکێتیى ئیسلامی بۆ تورکمانى عێراق هاتووە: "لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە پێشێلکارییە یاسایی و دەستوورییەکانى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک کراوە، بەشێوەیەک کە دەبێتە هۆى ناسەقامگیرى".
 
تەحسین کەهیە ئاماژەى بەوەدا، کۆبوونەوەکە بۆ ئەوە بووە نوورى مالیکى رۆڵ ببینێت لە هێورکردنەوەى دۆخەکە و چارەسەرى ئەو کێشەیەى بە هۆى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووکەوە دروستبووە.
 
یەکێتیى ئیسلامى بۆ تورکمانى عێراق رایگەیاند: "نوورى مالیکى جەختى لە بەڕێوەبردنى کەرکووک بە بەشداریى سەرجەم لایەنەکان کردووەتەوە وەکو تەنیا گەرەنتی بۆ سەقامگیریى داهاتووى کەرکووک و بەبێ سازان و بەشداریى هەمووان، کەرکووک وەکو گۆڕەپانێکى ململانێ دەمێنێنەوە".
 
9ـی ئاب، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى 9 ئەندام و بایکۆتکردنى فراکسیۆنى بەرەى تورکمانى، پارتى و چەند ئەندامێکى عەرەب کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی هەڵبژارد. پۆستى پارێزگار درا بە کورد لە پشکى یەکێتى و پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاش درا بە عەرەب.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە