وەزارەتی داد: 85 منداڵی بیانیی داعش لە زیندانەکانی عێراق دا ماون


رووداو دیجیتاڵ

دەیان منداڵی بیانی لەگەڵ دایکەکانیان لە زیندانەکانی عێراق دان. گوتەبێژی وەزارەتی داد دەڵێت: گوشاری بەردەوام لە باڵیۆز و نێردە دیپلۆماتەکانی ئەو وڵاتانە دەکەین بۆ ئەوەی منداڵەکان وەربگرنەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی ئابی 2024، باسم لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژمارەیەک منداڵ لەگەڵ دایکەکانیان لە زیندانەکانی عێراقدان، کە چەند منداڵێکیان لەناو زیندانەکان لەدایکبوون و ئەوانی دیکەش لەکاتی دەستگیرکردنی ئافرەتەکان لەگەڵیان بوون."
 
ئاماژەی بەوەشدا، "ئەوان 89 منداڵ بوون، چواریان رادەستی وڵاتەکانیان کراونەتەوە و 85یان ماونەتەوە، کە 90٪یان لە زیندانەکانی وەزارەتی داد و بەشەکەی دیکە لە زیندانەکانی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتین."
 
سەبارەت بە ناسنامەی منداڵەکان، باسم لعێبی دەڵێت، "ناسنامەی منداڵانەکان تورکی، سووری، قیرگیزستانی، ئۆزباکستانی و ئازەربایجانین، گوشاری بەردەوامیش لە باڵیۆزی ئەو وڵاتانە و نێردە دیپلۆماسییەکانیان کراوە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو منداڵانە، جگە لەوەی لە هەوڵی هاوئاهەنگیی کردنین لەگەڵ خاچی سووری نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی هاوکارمان بن لە کۆتاییهێنان بەو دۆسیەیە."
 
16ـی ئەم مانگە، شاندێکی وەزارەتی دادی عێراق بە سەرۆکایەتیی خالید شوانی، لە جنێڤ لەگەڵ مێرینا سپۆلیارێچ، سەرۆکی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور کۆبوونەوە. باسم لعێبی دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رێکارەکانی ناردنەوەی ئەو منداڵانە بۆ وڵاتەکانیان کراوە لە نزیکترین ماوەدا."
 
لەنێوان ساڵانی 2014-2017 دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان هەردوولا، هێزە عێراقییەكان هەزاران چەكداری داعشیان دەستگیركردووە، كە سەدانیان بیانین، بەشێك لەو چەكدارە داعشانە خێزان ‌و منداڵیان هەیە.