عێراق گەورەترین هاوردەکاری بۆمبی فرمێسکڕێژی کۆریای باشوورە
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی نیشتمانیی کۆریای باشوور دەڵێت، لەساڵی 2019ـوە نزیکەی 5 ملیۆن بۆمبی فرمێسکڕێژی هەناردەی دەرەوە کردووە و عێراق بە زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار بۆمب، سەرەکیترین هاوردەکاری ئەو بۆمبانە بووە.
بەگوێرەی داتای پۆلیسی نیشتیمانیی کۆریای باشوور، لەساڵی 2019ـوە تاوەکو نیوەی یەکەمی ئەم ساڵ، ئەو وڵاتە 4 ملیۆن و 730 هەزار بۆمبی فرمێسکڕێژی هەناردەی 25 وڵات کردووە.
عێراق، یەکەمین هاوردەکاری بۆمبی فرمێسکڕێژە لە کۆریای باشوورەوە، تەنیا ساڵی رابردوو 732 هەزار بۆمبی فرمێسکڕێژی هاوردەکردووە. لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2024ـشدا 478 هەزار بۆمبی هاوردە کردووە. بەوەش عێراق زۆرترین بۆمبی فرمێسکڕێژی ئەو وڵاتەی هاوردەکردووە.
بەپێی داتای کۆریای باشوور، ئەندەنووسیا بە هاوردەکردنی 649 هەزار بۆمب بووەتە دووەم هاوردەکاری بۆمبی فرمێسکڕێژی کۆریای باشوور، دوای ئەو بە 625 هەزار بۆمب، فیلیپین لە پلەی سێیەم و مالاوی بە 398 هەزار بۆمب لە ریزبەندی چوارەم دێن.
عەلی عیبادی، سەرۆکی سەنتەری عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جگە لەوەی هێشتا بەشێک لە خۆپێشاندەرانی خۆپێشاندانەکانی رابردووی عێراق بەدەست شوێنەواری ئەو بۆمبانەوە دەناڵێنن، ئومێدمان دەکرد حکومەت لەبری ئەوەی ببێت بە هاوردەکاری یەکەمی ئەو بۆمبانە، بەو پارەیە ئامێری بۆ چارەسەرکردنی خۆپێشاندەران تەرخانکردبا."
عەلی عیبادی گوتیشی، "بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەین. دەبوو حکومەتی عێراق پەیامی دڵنیایی بداتە خەڵک و ناڕازییەکان، نەوەک ئەو ژمارە زۆرەی بۆمب هاوردەبکات."
بۆمبی فرمێسکڕێژ بە پلەی یەکەم بۆ کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتی، خۆپێشاندان و گردبوونەوەکان بەکاردێت. حکومەتی کۆریای باشوور لەساڵی 1999ـوە بەکارهێنانی بۆمبی گازی فرمێسکڕێژی لە خۆپێشاندانەکاندا قەدەخەکردووە، بەڵام هەناردەی وڵاتانی دەکات.
گازی فرمێسکڕێژ لە هاڕاوەی بیبەری رەش و گازەکانی (CN) ، (CR) و (CS) پێکدێت و چەندین ساڵە دژی خۆپێشاندەران لەلایەن پۆلیس و حکومەتانی وڵاتانەوە بەکاردەهێندرێت.
گازەکە دوای بەرکەوتن بۆ ماوەی 10 بۆ 15 خولەک کاریگەریی بەچڕی دەردەکەوێت، کاریگەریی لەسەر چاو و پێست و لووت هەیە.