رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە چارەسەرکردنی دۆخی عێراق پێویستی بە کاراکردنەوەی پەرلەمانە و دەشڵێت، وەکو هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان ئەوەیان بە لایەنە سیاسییەکانی عێراق گوتووە کە ئەوان بەشێک نین لەو ململانێیەی وڵاتی گرتووەتەوە و هەر هەنگاوێکیش بنرێت، چ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بێت یان هەڵبژاردنی پێشوەخت، دەبێت بە رێگەی دەستووری بێت.
جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، میوانی کاژێری یەکەمی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات؛ لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەممەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەسەر بانگهێشتی مستەفا کازمی و بە ئامادەبوونی نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، کە خۆی بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکە بوو، رایگەیاند: "بڕیاردان لە دۆخێکی وەهادا کە عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، ئاسان نییە".
بە گوتەی جەمال کۆچەر، هۆکاری ئەم دۆخە و زەحمەت چارەسەرکردنی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە "جاری یەکەمە نێو ماڵی شیعە بەم شێوە قووڵە دابەش بێت؛ کۆبوونەوەکەش بۆ تاوتوێکردنی دەستپێشخەرییەکان بوو، نەوەک ئەوەی بڕیارێک بدەین".
بە بڕوای جەمال کۆچەر، "بەشدارینەکردنی لایەنێکی سەرەکیی هاوکێشەکە لەو ململانێیە کە رەوتی سەدرە لە کۆبوونەوەکە کاریگەری هەبوو، چونکە بڕیارەکە لای ئەو لایەنەیە کە ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوو، نەوەک ئەو لایەنانەی کە لە کۆبوونەوەکە بەشداربوون".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو پێیوایە کە نەرمی نواندنێک لەلایەنی سەدرییەکانیشەوە هەیە و دەڵێت: "رەوتی سەدری خۆشحاڵی خۆی پیشاندابوو بۆ ئەو کۆبوونەوەیە و لە راگەیێندراوێکیاندا دەڵێن: راستە ئێمە لە کۆبوونەوەکە ئامادە نین، بەڵام رێزمان هەیە بۆ کۆبوونەوەکە و ئەو کەسانەی لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە نەرمی نواندن لەلایەنی سەدرییەکانیشەوە هەیە".
جەمال کۆچەر هەروەها باس لەوەش دەکات کە چارەسەرکردنی دۆخی عێراق پێویستی بە کاراکردنەوەی پەرلەمانە و دەڵێت: "لایەنەکان رازین بەوەی هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت، بەڵام دەبێت پەرلەمان ئەو بڕیارە بدات. پێویستە یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن بگۆڕدرێن و بودجەیەک بۆ هەڵبژاردن دابنرێت؛ هەموو ئەمانەش پێویستی بە کاراکردنەوەی پەرلەمان هەیە".
سەبارەت بە بۆچوونی لایەنە کوردستانییەکان، جەمال کۆچەر گوتی: "وەکو کورد ئێمە سەرنجمان لەسەر دوو شت بوو. یەکەمیان ئەوەیە کە ئێمە بەشێک نین لەو ململانێیە؛ دووەمیان ئەوەیە هەر هەنگاوێک بنرێت چ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بێت چ هەڵبژاردنی پێشوەخت بێت، دەبێت بە رێگەی دەستووری بێت، چونکە تاکە پارێزەری قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافەکانی ئەو دەستوورەیە کە هەیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ