سەرۆکوەزیرانى کاربەڕێکەرى لوبنان سەردانى عێراق دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانى کاربەڕێکەرى لوبنان سەردانى عێراق بکات، یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانى ئەو سەردانە هەناردەى وزەیە بۆ وێستگەکانى بەرهەمھێنانى کارەبا لە لوبنان.
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە وەزارەتى دەرەوەى عێراق بە تۆرى میدیایی رووداوى رایگەیاند: "نەجیب میقاتى و شاندێکى حکومەتى لوبنان سەردانى عێراق دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا وردەکارى خشتەى کۆبوونەوەکانى نەزانراوە."
 
 ئەو سەرچاوەیە گوتى بڕیارە نەجب میقاتى کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتاى هەفتەى داهاتوو سەردانى عێراق بکات.
 
عێراق ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن نەوتى رەش دەداتە لوبنان بۆ کارپێکردنى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا لەو وڵاتە. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، یەکێک لە ئەجێندا سەرەکییەکانی سەردانەکە، ئەو رێککەوتنەى نێوانیانە بۆ ناردنى نەوتى رەش بۆ لوبنان کە لە 12ى تەممووز حکومەتى عێراقى یەکلایەنە بڕیاری دا بەردەوامى پێ بدات. 
 
ئەو بڕیارەى حکومەتى عێراقى لەدواى ئەوەبوو ناردنى ئەو بڕە پارەیەى عێراق لە بەرامبەر فرۆشتنى ئەو وزەیە بە لوبنان وەریدەگرێت، کێشەى تێکەوت.
 
 لە 22ى تەمووزى 2023 ، عێراق و لوبنان رێککەوتنێکى دیکەیان واژۆ کرد بۆ ئەوەى ساڵانە دوو ملیۆن تۆن نەوتى خاوى پێ بفرۆشێت.