عێراق زیاتر لە 750 کەس لە دەرچووە یەکەمەکان دادەمەزرێنێت

رووداو دیجیتاڵ 

عێراق بڕیاری دا زیاتر لە 750 کەس لە خوێندکارە دەرچووە یەکەمەکانی عێراق دابمەزرێندرێن.
 
ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند ئەمڕۆ کۆبووەتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری دا ژمارەیەک لەو کەسانەی مامەڵەیان بەپێی یاسای ژمارە 67ـی ساڵی 2017، پێشکێش کردووە کە یاسای دەرچووە یەکەمەکانە، لەسەر میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا دابمەزرێندرێن.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاری دامەزراندنی زیاتر لە 750 کەس درا، کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە و هەفتەی داهاتووش لیستی ناوەکانیان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا دەنێردرێت.
 
لە راگەیێیندراوەکەیدا، ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق دەڵێت پرۆسەی دابەشکردن و دەرکردنی بڕیارەکانی دامەزراندن لە رۆژانی داهاتووشدا بەردەوام دەبێت.
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا ئەنجوومەنەکە دڵنیایی بە دەرچووە یەکەمەکان و هەڵگری بڕوانامە باڵاکانی عێراق داوە؛ بە زووترین کات پرسی دامەزراندنیان یەکلادەکاتەوە.