رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە راپۆرتێک وەڵامى داواکاریى سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان دەداتەوە لەبارەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان. کۆمیسیۆنەکە تێبینی لەسەر وشەیەکى نێو نووسراوەکەی سەرۆکایەتی هەیە.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 18ى تەممووزی 2023، ئەنجوومەنى کۆمسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنى نووسراوێک کە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان ئاراستەى کردبوون لەبارەى سەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانەوە.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بە راپۆرتێک وەڵامى نووسراوەکەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان دەداتەوە و تێبینییەکانى خۆیان لەسەر نووسراوەکە و ئەو داواکارییە بە فەرمى ئاراستە دەکەن".
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێكى فهرميدا كه رۆژی دووشهممه، 10-07-2023 ئاراستهى كۆمیسيۆنى باڵاى سهربهخۆى ههڵبژاردنى عێراقی کردووە، داواى كردووه کۆمیسیۆنەکە ئامادهيى نيشان بدات بۆ سهرپهرشتيكردنى ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان و دوو وادە پێشنیاز کراون بۆ ئەنجامدانى ئەو هەڵبژاردنە؛ یەکەمیان لە 18ى تشرینى دووەمى ئەمساڵ و دووەمیشان 18ى کانوونى یەکەمی ئەمساڵ کە ئەمەی دووەمیان هاوکات دەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق.
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، یەکێک لەو تێبینیانەى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لەسەر نووسراوەکە هەیەتى، بەکارهێنانى وشەى "سەرپەرشتیکردنى" هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانە لەلایەن کۆمیسیۆنەکەوە، کە پێیانوایە دەبێت بگۆڕدرێت بۆ "بەڕێوەبردن" نەک سەرپەرشتیکردن تاوەکو سەرجەم پرۆسەی هەڵبژاردنەکە لەژێر هەژموون و سەرپەرشتیى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراقدا بێت.
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق گوتى: "بەڕێوەبردنى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن کۆمسیۆنەوە واتە نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران، ئەنجامدانى هەڵبژاردن و هەژمارکردنى دەنگەکان و راگەیاندنى ئەنجامەکەى."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ