رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رەتیدەکاتەوە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکلایی کردبێتەوە و دەڵێت، "ئێستا دانوستاندن لەنێوان پارتی و یەکێتی لەبارەی بەربژێری پۆستی سەرۆککۆمار هەیە."
رۆژی دووشەممە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکایەتیی فراکسیۆنەکان کۆبووەوە و لەسەر داوای شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرمان بڕیاردرا پێنجشەممەی داهاتوو جارێکی دیکە کۆبوونەوە بکرێت بۆ دیاریکردنی رۆژی کۆبوونەوەیەک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق.
رۆژی دووشەممە 18-07-2022 سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، "ئەمڕۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و جێگرەکەی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی گرنگترین ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە کارەکانی ئەنجوومەن و سازکردنی کۆبوونەوەکانی و تەواوکردنی بەرکەوتە دەستوورییەکان و لەپێشترێتیی پرۆژەیاساکان لە ماوەی وەرزی یاسادانانی ئێستا."
بەپێی راگەیێندراوەکە، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە لەسەر سێ خاڵ رێککەوتن، ئەوانیش: "بەردەوامبوون لە پەسندکردنی ژمارەیەک پرۆژەیاسا، کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەن و پەیوەندیی بە هاووڵاتییان و پێداویستییەکانیانەوە هەیە و بەپێی ئەو خشتەیەی دیاریکراوە، هەروەها تەواوکردنی بەرکەوتە دەستوورییەکان و بەو شێوەیەی لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناخی داهاتوو و رکابەرایەتییەکانی، بگونجێت. لەسەر داوای جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا و هێزە کوردییەکان و لەپێناو ئەوەی رووبەرێکی زیاتری کات هەبێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەنێوانیاندا، کۆبوونەوەی دووەمی سەرۆکی فراکسیۆنەکان دیاریکرا کە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دەبێت بۆ باسکردنی ئەوەی هێزە کوردییەکان لەوبارەیەوە پێی گەیشتوون."
لەبارەی خاڵی سێیەمەوە لە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوە خراوەتەڕوو، "دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ وەرزی دووەمی یاسادانان لە ساڵی یەکەمی یاسادانانی لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەکات و هەر مانگێک هەشت کۆبوونەوە دەکرێت و دواتر خشتەی کارەکان رادەگەیێندرێت."
لە هاوپێچەکەی راگەیێندراوەکەی پەرلەمانی عێراقدا چەند پرۆژەیاسایەک دیاریکراون بۆ باسکردن و پەسندکردنیان لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەن، لەوانەش، "پرۆژەیاسای خزمەتی مەدەنیی فیدراڵی، پرۆژەیاسای چارەسەرکردنی زێدەڕۆییەکانی نیشتەجێبوون، پرۆژەیاسای وەبەرهێنانی کانزایی، پرۆژەیاسای هاوبەشیی نێوان هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت، پرۆژەیاسای ئاوەدانکردنەوە، پرۆژەیاسای رۆژی نیشتمانیی کۆماری عێراق و یاسای هەمواری یەکەمی یاسای کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراق و هەمواری یەکەمی یاسای دامەزراوەی شەهیدان و یاسای کۆمپانیاکان و چەندین پرۆژەیاسای دیکە."
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دیاریکردنی رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە بۆ کۆبوونەوەی دووەمی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان بۆ ئەوەیە دەرفەتێک بدرێتە لایەنەکان تاوەکو لە دانوستاندن و گفتوگۆکانیان بەردەوام بن بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێرەکانی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی، "ئەو دەرفەتە تەنیا بۆ لایەنە کوردستانییەکان نییە بۆئەوەی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار و بەربژێرێک بۆ ئەو پۆستە رێکبکەون، بەڵکو بۆ لایەنەکانی دیکەشە، چونکە هێشتا چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر بەربژێری سەرۆکوەزیران و پۆستەکانی دیکە یەکلایی نەبووەتەوە و کەسێکی دیاریکراوی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر نەکردووە."
لەبارەی دانوستاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار، ڤیان سەبری ئەوەی خستەڕوو، "ئێستا دانوستاندن لەنێوان یەکێتی و پارتی بۆ گەیشتن بە چارەسەر و رێککەوتن هەیە، ئیدی هێشتا روون نییە ئەو کۆبوونەوە و دانوستاندنانە دەگەن بە کوێ."
دوای کشانەوەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و کشاندنەوەی 73 پەرلەمانتارەکەی لە پەرلەمان لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی 2022، چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەرقاڵی پێکهێنانی حکومەتە، لەگەڵ بەشێک لە لایەنەکان لەوبارەیەوە کەوتووەتە گفتوگۆ، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە رێککەوتن، ئەوەش جگە لەوەی نەیتوانیوە کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری بکات، سەرباری ئەوەش لایەنە کوردستانییەکان و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماریش نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
زیاتر لە 280 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقدا تێپەڕیوە، سەدرییەکان 73 کورسییان بەدەستهێنا و لەگەڵ پارتی و هاوپەیمانیی سەروەری، هاوپەیمانێتییەکیان بەناوی "رزگارکردنی نیشتمان" پێکهێنا و داوای پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەیان دەکرد؛ موقتەدا سەدریش دژایەتیی سەرسەختانەی خۆی بۆ بەشداریکردنی بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەتایبەت نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەربڕیبوو. چەند رۆژێکە ژمارەیەک تۆماری دەنگیی دزەپێکراویش "بەناوی مالیکییەوە" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە و تێیدا هێرش کراوەتە سەر موقتەدا سەدر، حەشدی شەعبی، کورد و سوننە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ