بە سەرۆکایەتی کازمی پلانی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی موسڵ تاوتوێکرا

18-07-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ دووشەممە بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەیەک لەبارەی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ بەڕێوەچوو. سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاریی و ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەی فڕۆکەخانەی موسڵ بەهۆی "کێشەی سیاسییەوە" دواکەوتووە.  
 
مەحما خەلیل، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاریی و ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی کێشەیەکی سیاسی، تاوەکو ئێستا پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەی فڕۆکەخانەی موسڵ جێبەجێ نەکراوە، هەندێک لایەن دەیانەوێت کۆمپانیا فەرەنسییەکان و هەندێکی دیکە دەیانەوێت کۆمپانیا تورکییەکان پڕۆژەکە جێبەجێ بکەن.
 
سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاریی و ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا وەک لیژنەی خزمەتگوزاریی و ئاوەدانکردنەوە، ئاگاداری وردەکارییەکانی پڕۆژەکە و بڕی پارەی تەرخانکراو نین، بڕیاری سبەی سێشەممە دەستەی سەرۆکایەتیی لیژنەکەیان کۆببێتەوە، دواتر نووسراوێک ئاراستەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، پرسیار و بەدواداچوون دەکەن لەبارەی هۆکاریی راستەقینەی دواکەوتنی پڕۆژە نۆژەنکردنەوەی موسڵ و بڕی ئەو پارەی بۆ پڕۆژەکە تەرخانکراوە. 
 
محما خەلیل کە هاوکات نوێنەری پارێزگای نەینەوایە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سەرنج و تێبینی زۆریان لەسەر پڕۆژەکە و هۆکاری دواکەوتنەکەی هەیە و بەدواداچوونی بۆ دەکەن. 
 
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی دووشەممە 18-07-2021 مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد تایبەت بە پلانی ئامادەکردن و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی موسڵ، کە بەهۆی شەڕی دژی داعشەوە زیانی بەرکەوتووە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان و پارێزگاری نەینەوا و ژمارەیەک بەرپرسی تایبەتمەند ئامادەبوون، پلان و دیزاینی نوێی فڕۆکەخانەکە و بڕی تێچووی دارایی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە خرایەڕوو. 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، لەسەر ئەو بەڵێنەیە کە لە دوایین سەردانی بۆ پارێزگای نەینەوا بە دانیشتووانی موسڵی داوە کە بەم نزیکانە بەردی بناخەی پڕۆژەی فڕۆکەخانەی موسڵ دادەنێن، ئەوەش دوای تەواوکردنی سەرجەم پێداویستییەکان.
 
مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەش کرد: حکومەت دەیەوێت پڕۆژە دواکەوتووەکانی پارێزگای نەینەوا تەواو بکات، هەموو بەربەستەکان لاببات، تاوەکو پارێزگاکە بە بەرگێکی نوێ دەربکەوێت، دوای ساڵانێک لە کوژران بەهۆی تیرۆرەوە. 
 
رۆژی شەممە 09-07-2022، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبۆنەی پێنجەمین ساڵیادی کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگای نەینەوا لە دەست چەکدارانی داعش گوتارێکی لە زانکۆی موسڵ پێشکێشکرد و لەبارەی فڕۆکەخانەی موسڵ، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، پڕۆژەی فڕۆکەخانەی موسڵ هەیە، کەموکوڕی لە رێکارەکان هەیە، تاوەکو دۆخەکە تەواو نەبێت، بەردی بناخەی پڕۆژەکە دانانێین، کۆبوونەوەی هەفتانەی تیمی وەزارییان هەیە، لە ماوەی ئەم مانگەدا بۆ جاری دووەم سەردانی موسڵ دەکاتەوە، بەمەبەستی دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەی فڕۆکەخانەی موسڵ. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بازگەی شێراوە لە رێگەی هەولێر بە ئاراستەی کەرکووک.

میقداد میری: سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێ

میقداد میری، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى ئەمنیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رایگەیاند، سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لەنێو شارەکاندا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.