راپۆرتی ساڵانەی پەیمانگەی ئابووری و ئاشتی: عێراق سێزدەمین نائارامترین وڵاتی جیهانە
رووداو دیجیتاڵ
پەیمانگەی ئابووری و ئاشتی، 18ـەمین راپۆرتی پێوەرەکانی ئاشتیی جیهانی بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە، دوای جەنگی جیهانی دووەم، لە ساڵی 2023دا زۆرترین ژمارەی ململانێ تومارکراوە کە 56 ململانێ بووە. 92 وڵات لە دەرەوەی سنوورەکانیان لە ململانێکان تێوەگلاون.
بەپێی راپۆرتی پەیمانگەکە، ساڵی رابردوو بەهۆی ململانێکانەوە، 162 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش دووەم بەرزترین ژمارەی قوربانییانە لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا.
ململانێکانی ئۆکراینا و غەززە نزیکەی سێ لەسەر چواری گیانلەدەستدانەکان پێکدێنن، هەروەها ئەو دوو جەنگە، دوو هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی سەقامگیریی جیهان بوون. بەپێی راپۆرتەکە 83 هەزار کەس بەهۆی شەڕی ئۆکراینا و زیاتر لە 37 هەزار کەس بەهۆی شەڕی غەززە تاوەکو حوزەیرانی 2024 گیانییان لە دەستداوە.
بەگوێرەی راپۆرتی ئەو پەیمانگایە، 16 ساڵی رابردوودا، ئەمساڵ 12ـەمین ساڵە ئاستی ئاشتی و سەقامگیریی جیهان روو لە دابەزینە. پار بەراورد بە پێرار ئاشتی و سەقامگیریی جیهان 0.56٪ دابەزیوە.
پەیمانگەی ئابووری و ئاشتی رایگەیاندووە، لە پێنج ساڵی رابردوودا لانیکەم 100 وڵات لە جیهان بەشێوەیەک لە شێوەکان لە ململانێ تێوەگلاون، لە کاتێکدا ساڵی 2008، تەنیا 59 وڵات لە ململانێکان تێوەگلابوون.
ئارامترین وڵاتانی جیهان
ئەو راپۆرتە ئاماژە بەوەدەکات لە 12 مانگی رابردوودا، ئاستی ئاشتی لە 97 وڵات خراپبوونی بەخۆوە بینیوە و تەنیا لە 65 وڵات ئاشتی بەرقەرارتر بووە.
ئایسلەندا وەکو ئاشتیخوازترین وڵات مایەوە، ئەو وڵاتە ئەسکەندەناڤییە، لە ساڵی 2008ـەوە کە دەکاتە 16 ساڵ لەسەر یەک، بۆ ئاشتی لە پلەی یەکەم جیهاندایە. لە دوای ئەویش هەر یەک لە وڵاتانی ئێرلەندا، نەمسا، نیوزلەندا و سینگاپور، سویسرا، پۆرتوگال، دانیمارک، سلۆڤینیا و مالیزیا دێن.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتە؛ پۆلێنکارییەکە لەسەر 23 بنەمای جیاواز کراوە، لەوانە؛ سەقامگیریی سیاسی. چالاکی تیرۆرستی، قوربانی لە ئەنجامی ململانێ و جەنگەکان. خەرجی سەربازیی. هاوکاریکردنی هێزە ئاشتیپارێزەکان. ئارامی و ئاسایش، هەروەها کەمی ژمارەی بەندکراوان.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی پەیمانگەی ئابووری و ئاشتی، خراپترین و مەترسیدارترین وڵات لە جیهاندا یەمەنە لە رووی ئاشتییەوە، دواتر سوودان، باشووری سوودان، ئەفغانستان، ئۆکراینا، کۆنگۆ، رووسیا، سووریا، ئیسرائیل و مالی دێن. پەیمانگەی ئابووری و ئاشتی ئاماژەی بەوەداوە، بۆشایی نێوان باشترین و کەمترین وڵات کە ئاشتییان تێدابێ هێشتا زۆر فراوانە، 25 وڵاتی یەکەم بۆ ئاشتی 1٪ لە پلەکانیان چوونەتە پێش، لەکاتێکدا 25 وڵاتی خراپ بۆ ئاشتی 7.5 پلە چوونەتە دواوە.
راپۆتەکە ئەوەش ئاشکرا دەکات، ئێستا بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوە، زیاتر لە 95 ملیۆن کەس ئاوارە یان پەناخوازن لە جیهاندا. هەروەها 16 وڵات لە جیهاندا هەن کە زیاتر 5٪ـی دانیشتووانەکەی ئاوارە بوون.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست: نائارامترینی جیهانە
بەپێی راپۆرتەکە، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەکو مەترسیدارترین ناوچە و کەمترین ئاشتی ماوەتەوە، ئەمە نۆیەمین ساڵە لەسەریەک ئەو ناوچەیە بە نائارامترین ناوچەی جیهان دادەنرێت، ئەمەش بەهۆی بوونی 4 وڵات لە 10 وڵاتی خراپ و مەترسیدار بۆ ئاشتی لە جیهاندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەش وڵاتانی باکووری ئەمریکا زۆرترین رێژەی دابەزینیان لە ئاستی ئاشتی و سەقامگیریدا تۆمارکردووە بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەمریکا و کەنەدا.
بەهۆی شەڕی غەززەوە، رێزبەندی ئیسرائیل بۆ نزمترین ئاستی لە مێژووی خۆیدا دابەرزیوە کە ئەمە وەکو گەورەترین تێکچوونی ئاشتی لە ساڵی 2024دا تۆمارکراوە.
عێراق یەکێک لە نائارامترین وڵاتی جیهانە
بەپێی ئەو ریزبەندییە؛ دۆخی عێراق بۆ ئاشتی، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، لە کۆی 163 وڵات عێراق لە پلەی 151 و لە دوای وڵاتانی وەکو بۆرکینا فاسۆ و میانمار و نایجیریا دێت. واتە عێراق سێزدەم نائارامترین وڵاتی جیهانە.
ئاشتی لە وڵاتان بەپێی رەنگ دیاریکراوەکە بە رەنگی سەوز دەستپێدەکات بەرەو زەرد و دواتر پرتەقاڵی و پاشان سوور، عێراق هێشتا لە قۆناخی سووردایە و نەیتوانیوە بگاتە قۆناخی پرتەقاڵی، بەڵام بە بەراورد بە دوایین راپۆرت؛ عێراق دوو پلە لە ریزبەندەکەدا چووەتە پێش.
سەبارەت بە دراوسێکانی کوردستانیش؛ ئێران لە پلەی 133دایە و لە ئاستی رەنگی پرتەقاڵیدایە، بەڵام 10 پلە چووەتە پێش، تورکیاش لە هەمان ئاستدایە کە پرتەقاڵییە و لە پلەی 139 دایە، تورکیا لە هەمان پلەی راپۆرتی پێشووی پەیمانگەکە دایە، سووریاش دوو پلە چووەتە پێش، بەڵام هێشتا لە بازنەی وڵاتانی رەنگی سووردایە.
لە وڵاتانی ناوچەکەدا، سووریا لە رێزبەندی 156 دایە وەکو هەشتەمین خراپترین وڵات. هەروەها راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات ئابووری سووریا لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە لە 2011 بە رێژەی 85٪ بچووکبووەتەوە. ئیمارات گەورەترین پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیووە 31 پلە چووەتە پێش. بەڵام ئارامترین وڵات لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە لە پلەئ 21ەمین دایە.
کاریگەریی جەنگەکان لەسەر ئابووریی جیهان
لەساڵی 2023دا، شەڕ و ململانێکان بایی 19 تریلیۆن دۆلار، کاریگەرییان لەسەر ئابووری جیهانی هەبووە، کە ئەمەش دەکاتە نزیکەی دوو هەزار دۆلار بۆ هەر کەسێک. بەهۆی زیادبوونی ململانێکان، گەشەی بەرهەمی نێوخۆیی 20٪ زیانی بەرکەوتووە، هەروەها خەرجییەکانی ئاشتیپارێزی گەیشتووەتە 49.6 ملیار دۆلار ئەوەش بەرێژەی لە 0.6٪ کۆی خەرجییە سەربازییەکان کەمترە.
کاریگەریی ململانێکان لەسەر ئابووریی عێراق گەیشتووەتە 67.5 ملیار دۆلار. زیانی هەر کەسێک لە عێراق لە ململانێکان دەگاتە 10 هەزار و 400 دۆلار. کاریگەریی ململانێکان لەسەر تێکڕای بەرهەمی جۆماڵی دەکاتە 10.57٪. لەگەڵ ئەوەشدا تێچوو و خەرجی ململانێکان لە عێراقدا زیاتر لە 44 ملیار دۆلارە.
هەروەها راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات خەرجی وڵاتان لە 25 ساڵی رابردوودا دوو قات زیادیکردووە و بۆ ساڵی 2023، ئەمریکا زۆرترین خەرجی سەربازی هەبووە.
"هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان زیادیکردووە"
بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن گرووپە نادەوڵەتییەکان لە پێنج ساڵی ڕابردوودا زیادی کردووە. ژمارەی هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ساڵی 2018ەوە زیاتر لە 1000٪زیادیکردووە. ئەمەش لەکاتێکدایە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیاوە لە شوباتی 2022وە، پرچەککردن لە 91 وڵاتدا زیادی کردووە. لە 10 ساڵی رابردووشدا، 100 وڵات ژمارەی هێزە چەکدارەکانیان کەمکردووەتەوە لە کاتێکدا توانای سەربازی جیهانی 10٪ زیادیکردووە. هەروەها خەرجی بۆ هێزە ئاشتیپارێزەکان بۆ ساڵی 2023، کەمتر لە 50 ملیار دۆلار بووە کە کەمترە لە 1٪ی خەرجییە سەربازییەکانی جیهان.