لە 15 گەرمترین ناوچەکانی جیهان 10 ناوچەیان لە عێراق و باشووری کوردستانن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە کۆی 15 گەرمترین ناوچەی جیهان، 10یان لە عێراقن، ناوچەیەکی باشووری کوردستان کە بەدرەیە لە پارێزگای واست لە لیستەکەدا هەیە. گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراقیش دەڵێت، پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ پلەی گەرما بەرزتر بێت و کەشوهەوا بەتایبەت لە مانگی داهاتوودا گەرمتر بێت لە ساڵی رابردوو.
 
بەپێی وێبسایتی (www.thorntonweather.com) کە تایبەتە بە تۆمارکردنی داتاکانی پەیوەست بە کەشوهەوا، لە 24 کاژێری رابردوودا 15 شار و ناوچەی جیهان بەرزترین پلەی گەرمایان تێدا تۆمار کراوە.
 
بەپێی ریزبەندییەکە، 10 ناوچە و شاری عێراق بەرزترین پلەکانی گەرمایان تێدا تۆمار کراوە، هەروەها سێ ناوچە و شاری ئێران و دوو ناوچەش لە سعودیە، گەرمترن ناوچەی جیهان بوون.
 
ریزبەندیی گەرمترین شار و ناوچەکانی جیهان:
 
- ئومێدیە، ئێران، 51 پلەی سیلیزی
- عەمارە، عێراق: 50 پلەی سیلیزی
- عەرەفات، سعودیە: 50 پلەی سیلیزی
- ناسریە، عێراق: 50 پلەی سیلیزی
- بەسرە، عێراق: 49.5 پلەی سیلیزی
- کەربەلا، عێراق: 49.5 پلەی سیلیزی
- ئەبەدان، ئێران: 49.3 پلەی سیلیزی
- نەجەف، عێراق: 49.2 پلەی سیلیزی
- سافیئاباد، ئێران: 49.1 پلەی سیلیزی
- مینا، سعودیە:  49 پلەی سیلیزی
- فاو، عێراق: 48.8 پلەی سیلیزی
- سەماوە، عێراق: 48.8 پلەی سیلیزی
- رافعییە، عێراق: 48.7 پلەی سیلیزی
- بەسرە، عێراق: 48.7 پلەی سیلیزی
- بەدرە، واست: 48.6 پلەی سیلیزی
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشبینی دەکەن ئەم ساڵیش هاوشێوەی ساڵی رابردوو، بەشێک لە شار و ناوچەکانی عێراق لە گەرمترینەکانی جیهان دەبن.
 
گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق گوتی، "بەپێی پێشبینییەکانی ئێمە، ئەم ساڵ پلەکانی گەرما لە بەشێکی زۆر لە ناوچە و پارێزگاکانمان، بەتایبەت لە مانگەکانی تەممووز و ئەیلوول، دەگاتە سەروو 50 پلەی سیلیزی، ساڵی پار 14 پارێزگای عێراق زیاتر لە 51 بۆ 52 پلەی گەرمییان تۆمار کرد، ئەم ساڵیش پێشبینیی ئەوە دەکەین و پێشبینی دەکەین پلەی گەرما بەرزتریش بێت لە ساڵی رابردوو."
 
سەرەتای ئەم مانگە رێکخراوی جیهانیی چاودێریی کەشوهەوا رایگەیاند، لە پێنج ساڵی داهاتوودا تێکڕای پلەکانی گەرمای جیهان 1.5 پلە گەرمتر دەبێت؛ چاوەڕوان دەکرێت یەکێک لەو پێنج ساڵە بەرزترین پلەی گەرمای تێدا تۆمار بکرێت.
 
ئەوەی رێکخراوەکە تێبینیی کردووە ئەوەیە، لە ماوەی نێوان حوزەیرانی ساڵی 2023 تاوەکو ئایاری ئەم ساڵ، بەرزترین پلەی گەرما تۆمار کراوە، کە 1.63 پلەی سیلیزی لەپێش تێکڕای ماوەی پیشەسازی bwwe لە ساڵانی 1850 تاوەکو 1900.
 
بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی، کە عێراق یەکێکە لە زەرەرمەندترینیان، جگە لە گیانلەدەستدانی چەندین کەس، سووتانی دارستانەکان، ئاوارەبوون و هەڕەشەی لەنێوچوونی فرەیی زیندەوەرەکان، مەترسیی راستەقینە لەسەر هەسارەی زەوی هەیە، کە بەشێکی زۆری ئەو بەرزبوونەوەیەی پلەی گەرما بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوەیە.