سێشەممەی داهاتوو بۆ یەکەمجار بەبۆنەی جەژنی غەدیرەوە لە عێراق دەکرێتە پشوو
رووداو دیجیتاڵ
سێشەممەی هەفتەی داهاتوو بۆ یەکەم جار لە عێراق بەبۆنەی جەژنی غەدیری شیعەکانەوە دەکرێتە پشوو، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "پشووەکە هەموو عێراق دەگرێتەوە."
دوای پەسندکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، رۆژی سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024 بەبۆنەی جەژنی غەدیرەوە، پشووی فەرمی دەبێت لە پارێزگاکانی عێراق، ئەمەش دەبێتە یەکەم جەژنی غەدیر کە بە فەرمی بکرێتە پشوو.
هێشتا دیارنییە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزارەت و دامەزراوەکانی دەیکات بە پشوو یان نا، هیچ راگەیێندراوێکی لەوبارەیەوە دەرنەکردووە، بەڵام جەژنی غەدیر لە یاسای پشووەکانی عێراق کە ئەم ساڵ پەرلەمان پەسندی کرد، لەنێو ئەو پشووانەیە کە فەرمی و گشتین.
عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "پشووەکە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەگرێتەوە، ئەم پشووە سەرتاسەرییە."
وەزارەتی پەروەردەی عێراق، رۆژی 25ی ئەم مانگەی لە خشتەی خوولی یەکەمی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەرکردووە و کردوویەتیە پشوو.
عەتەبەی عەلەوی لە نەجەف، کە سەرپەرشتیاری مەزاری ئیمامی عەلییە لەو شارە، دەستیکردووە بە ئامادەکاری بۆ ئەو جەژنەی شیعەکان، چەندین پۆستەر و بڵاوکراوە و ئامادەکاریی دیکە لە شاری نەجەف کراون، بەپێی ئەو عەتەبەیە، 2000 ئاڵای غەدیر و زیاتر لە 200 مەتر چوارگۆشەی پارچە قوماشی رازێندراوە لە شوێنەکان هەڵدەواسرێن.
یاساى پشووە فەرمییەکان لە 22ى ئایار لە پەرلەمانی عێراق دەنگى لەسەر درا و 16 رۆژ لە عێراق کراونەتە پشووی سەرتاسەری، ئەوەش جگە لە 24 رۆژ پشووی نێو پێکهاتەکان.
جەژنی غەدیر رۆژی 18ی مانگی زولحیجەی ساڵی کۆچییە، ئەم ساڵ دەکەوێتە 25ی حوزەیران.
جەژنی غەدیر، بە یەکێک لە گەورەترین جەژنەکان لەلای شیعەکان هەژمار دەکرێت؛ دەڵێن، لە رۆژی 18ی مانگی زیلحیجەی ساڵی 10ی کۆچی، پەیامبەری ئیسلام (د. خ) بە فەرمانی خودا عەلیی کوڕی ئەبوتاڵیبی بە جێنشینی خۆی و ئیمامی موسڵمانان داناوە، ئەو گوتارەشی لە شوێنێک بڵاوکردەوە بەناوی "غەدیرخەم" کە دەکەوێتە نێوان شارەکانی مەککە و مەدینە؛ بەڵام سوننە مەزهەبەکان لەگەڵ ئەو تێڕوانین و شیکردنەوەیە نین. بۆیە ئەمە بووەتە بابەتێکی جێناکۆکی لەنێوان سوننە و شیعەکان، بەتایبەتی لە عێراقدا.