دوای دوو هەفتە لە کوشتن و پارچەپارچەکردنی تەرمی چوار کرێکاری میسری لە بەسرە، بکوژ دەستگیر دەکرێت

18-06-2024
زیاد ئیسماعیل
کاتی دەستگیرکردنی بکوژەکە
کاتی دەستگیرکردنی بکوژەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای دوو هەفتە لە کوشتن و پارچە پارچەکردنی جەستەی چوار کرێکاری میسری، شەوی دووشەممە پۆلیسی بەسرە ئەنجامدەری تاوانەکەی ئاشکراکرد. بکوژ و کوژراوان هاوڕێی یەکدی بوون.
 
بکوژ تەرمەکانی پارچە پارچە کردبوون، خستبوویانە نێو کیسی جیا و لە هەردوو ناوچەی توێسە و گەڕەکی نەوت دەیانخاتە نێو تەنەکەی زبڵەوە. بینینی کەسێکی دەمامکدار لە کامێرای چاودێری، دەبێتە سەرەتایەکی باش بۆ ئەوەی هێزە ئەمنییەکان بتوانن سەرەداوی رووداوەکەیان دەستبکەوێت.
 
یەکەم جارە رووداوێکی لەمشێوەیە ئەنجام دەدرێت. بۆ خەڵکی ناوچەکە شۆکێکی گەورەیە. بڵاوبوونەوەی بۆنی تێکچوونی پارچەکانی جەستەیشیان، هۆکارێکی دیکەی ئاشکرابوونی تاوانەکە بوو.
 
کەڕار حوسێن، شایەتحاڵ بە رووداوی گوت: "‏‎تەرمێکمان بینی لەسەر شەقامی سەرەکی لە (توێسە)، پەیوەندیمان بە هێزە ئەمنییەکان کرد. کەسێکی میسری هاوڕێیەکی میسریی خۆی کوشتووە. تەرمەکەیانی پارچە پارچە کردبوون. هێزە ئەمنییەکان هاتن و کەمتەرخەمییان نەبوو. گوتیان بۆنێک دێت، دوای لیژنەیەک سەیریان کرد دەرکەوت بکوژەکە میسرییە".
 
ئەحمەد مستەفا، دانیشتووی ناوچەی توێسەی بەسرە باسی لەوە کرد: "‏‎ئەمە یەکەمجارە شتی وا دەبیستم. ئەم ناوچەیە کەمێک راقییە. هی ئەم رووداوانە نییە. یەکەم جارمە دەبیستم رووداوی وا لێرە رووبدات. بەبۆچوونی من کارەساتێکی ترسناکە. کەسێک پارەچە پارچە بکەن؟! ئێمە بە چ قۆناخێک گەیشتووین". 
 
بکوژ و کوژراوان هاوڕێی یەکدی بوون. تەمەنیان لەنێوان 40 بۆ 50 ساڵ بوو. بۆ کرێکاری هاتبوونە بەسرە. بکوژ دوای تاوانەکە دەچێتە بەغدا. هێزە ئەمنییەکان لەڕێگەی مۆبایلەوە شوێنەکەی ئاشکرا دەکەن و دواتر دەستگیری دەکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە