وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بۆ رووداو: 21ـی مانگ گەڕانەوەی حاجییان دەستپێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، لە 21ـی ئەم مانگەوە گەڕانەوەی حاجییان دەستپێدەکات. 
 
رۆژی سێشەممە، 18-06-2024، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ گەڕاندنەوەی حاجییانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە رێگەی هێڵی ئاسمانی عێراقییەوە کردووە. گوتیشی، گەڕانەوەی حاجییەکان لە 21ـی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 3ـی تەممووز بەردەوام دەبێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی: "سەرەتا رۆژانە لە فڕۆکەخانەی جەدەوە دوو گەشتی گەڕانەوە دەبن؛ لە 24ـی مانگ ژمارەی گەشتەکان دەبێتە چوار گەشت؛ دواتر بۆ 6 گەشت لە رۆژێکدا زیاد دەبێت بۆ ئەوەی حاجییەکان زوو بگەڕێنەوە".
 
سەبارەت بە رێگەی وشکانی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت:"18 هەزار حاجی لە رێگەی پاسەوە دەگەڕێنەوە؛ وەزارەت ئامادەکاری کردووە و چاوەڕێی وەڵامی دەستەی حەج و عومرەی عێراق دەکات بۆ ئەوەی گەڕانەوەیان دەستپێبکات".
 
لە عێراق بە فەرمی 16 هەزار 145 کەس لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەشتی حەج-یان کرد. 19هەزار و 145 کەسی دیکە، بە رێگەی وشکانی لە رێگەی دەروازە عەرعەر چوونە حەج. پشکی ئەمساڵی حاجییانی هەرێمی کوردستان 4 هەزار و 685 هاونیشتمانی بوو.