رووداو دیجیتاڵ
شارۆچکەی شنگال، یەکێکە لەو ناوچانەی لە ساڵی 2014 داعش داگیری کرد و کردیە وێرانە؛ بەڵام دوای 10 ساڵ داعش هێشتا مەترسییە بۆ سەر ئەوێ و ناوچەکانی دیکە. بەربژێرێکی پۆستی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراقیش دەڵێت، داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق.
ترەیسی جەیکەبسن، بەربژێر بۆ باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت، "پارێزگاری لە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەمریکا دەکەم، بەوەی سەقامگیریی ئەمنی و سەروەریی عێراق پتەوتر بکەم. داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق. سوپاکەمان هاوکاریی گرنگ پێشکێش بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات. 10 ساڵ لەدوای ئەوەی هێزەکانمان گەڕانەوە لەسەر داوای حکومەتی عێراقی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و، پێنج ساڵ دوای شکستپێهێنانی داعش، کاتی ئەوە هاتووە سوپاکەمان رۆڵێکی نوێی هەبێت."
ترەیسی ئان جەیکەبس، هەفتەی رابردوو لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە بەربژێر کرا بۆ باڵیۆزی نوێی عێراق و جێگرتنەوەی ئەلینا رۆمانۆوسکی، کە لە حوزەیرانی 2022ەوە باڵیۆزی ئەمریکایە لە بەغدا.
جەیکەبسنی تەمەن 58 ساڵ، دیپلۆماتکاری بەئەزموونی ئەمریکایە. لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بانگهێشت کرا بۆ وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێک و پەسندکردنی بەربژێربوونی بۆ ئەو پۆستە.
لە رابردوودا جەیکەبسن باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە وڵاتانی تاجیکستان، تورکمەنستان و کۆسۆڤۆ. دواترین پۆستی دیپلۆماسیشی باڵیۆزی واشنتن بووە بە وەکالەت لە ئەسیوپیا.
ئەو بەربژێرە بۆ باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق دەشڵێت، "هاوبەشیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق، پایەی پەیوەندییە گشتییەکانمانە لەگەڵ عێراق. سەقامگیریی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەک دەبێت. ئەگەر پەسند بکرێم، ئەوا چاوم لەوەیە هاوبەشییەکەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق پتەوتر بکەین لە چوارچێوەی پەیوەندییە گشتییەکەمان لەگەڵ عێراقی فیدراڵ."
هەروەها جەیکەبسن ئاماژە بەوە دەکات، کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان، کە کەسوکاری چەکدارانی پێشووی داعشی تێدا دەستبەسەرن، "بووەتە ناوەندی راکێشانی داعش."
ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە لەو بڕوایەدایە ئێران گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق و دەبێت واشنتن هاوکاریی بەغدا بکات لەڕووی وزەوە سەربەخۆ بێت.
سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 2021، جەیکەبسنی کردە راوێژکاری تایبەتی ئیدارەکەی بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی گواستنەوەی ئەو ئەفغانیانەی پێشتر لەگەڵ ئەمریکا کاریان کردووە لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ