لە بەسرە توونێلێک لە ژێر دەریا بە تێچووی 600 ملیۆن دۆلار دروستدەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق لە بەسرە توونێلێکی ژێر دەریا بە ناوی مەغموور دروست دەکات، توونێلەکە دووسایدە و بەندەری ئووم قەسر و فاو بەیەکدی دەبەستێتەوە.
 
بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژە گەورەیەی بەسرە، رۆژانە 24 کاژێر و بە سێ شیفت کاری تێدا دەکرێت. ئەمە یەکەم جارە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست توونێلێکی لەو شێوەیە دروستدەکرێت.
 
درێژیی توونێلی مەغموور دوو هەزار 444 مەترە و هەمووی بە ژێر ئاودا دەڕوات، کە تەواو دەبێت رێگەی ئوم قەسر و فاو 100 کیلۆمەتر کورت دەکاتەوە.
 
تێچووی دروستکردنی توونێلەکە 600 ملیۆن دۆلارە و ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت.
 
سەلام یەعقووب، سەرپەرشتیاری ئەندازیارانی توونێلی مەغموور دەڵێ "تونێلەکە لەژێر دەریایە و بۆ بەستنەوەی بەندەری فاو بە بەندەری ئوم قەسر و رێگەی پەرەپێدانە. ئەو بەشەی دەکەوێتە ژێر ئاو، لێرە دروست دەکرێت، هەر پارچەیێک دەبێتە شەش بەش و بە دوو قۆناخ دروستدەکرێت، هەر بەشێک کە درێژییەکەی 21 مەترە، مانگێک بۆ مانگ و نیوێکی پێویستە تاوەکو دروستدەکرێت."
 
ئەندازیارێکی دیکەی پرۆژەکە بەناوی عەلی حەمید ساڵح دەڵێ "لە هەموو حەوزەکان، چوار تانکیی ئاو بە قەبارەی مەتر و نیوێک دادەنرێن و پڕ دەکرێن لە ئاو، دوای بەردانەوەی ئاوی دەریا بۆ سەر حەوزەکان و ژێرئاوکەوتنیان، ئەوکاتە ئاوەکانی نێو تانکییەکان بەتاڵ دەکەین و حەوزەکان دەکەونە سەرئاو، کەشتییە تایبەتەکانیش بۆ شوێنی مەبەست رایدەکێشن."
 
هەروەها دەڵێ "دواتر جارێکی دیکە تانکییەکان پڕ ئاو دەکەینەوە و حەوزەکان دەکەونەوە ژێر ئاوی دەریا، تاوەرێکی چاودێریشمان داناوە بۆ ئەوەی شوێنەکان دیاریبکات تاوەکو حەوزەکان لێیەوە جێگیر دەکرێن." 
 
توونێلی مەغموور یەکێکە لە پڕۆژەکانی بەندەری گەورەی فاو و بەرێگەی پەرەپێدانەوە بەستراوەتەوە.