پلاسخارت: عێراقێک دەبینین کە لە هەستانەوەدایە
رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، دوایین راپۆرتی خۆی لەسەر عێراق لە نیویۆرک خوێندەوە و گوتی، "ئاڵنگارییەکان لە عێراق زۆرن، بەڵام ئێمە ئێستا عێراقێک دەبینین، کە لە هەستانەوەدایە."
رۆژی پێنجشەممە 17-05-2024 جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دوایین راپۆرتی خۆی لەسەر دۆخی عێراق پێشکێش کرد.
پلاسخارت لە گوتارە 13 خولەکییەکەی ئاماژەی بەوەدا، ئێستا عێراقێک دەبینن کە لە هەستانەوەدایە، بەڵام هێشتا ئاڵنگارییەکان زۆرن.
لەبارەی ئاڵنگارییەکان، دیپلۆماتە هۆڵەندییەکە گوتی، "گەندەڵی، حیزبایەتی، خۆدزینەوە لە یاسا، دەستوەردانی نەخوازراو و ئەو لایەنە چەکدارانەی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت کار دەکەن، ئاڵنگارین." ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی عێراق خەریکە رووبەڕووی ئەو بەڵایانە دەبێتەوە، چونکە ئەوانە هێشتا بەربەستی گەورەن بۆ ئەوەی بەسەریاندا سەرکەون.
رۆژی 08-04-2024 حکومەتی عێراق داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (یونامی) کۆتایی پێبهێندرێت.
پلاسخارت گوتی، "بە کورتی و پوختی، ئەو وێنەیەی ئێمە دەمانەوێت پیشانی بدەین ئەوەیە، ئەو عێراقەی ئێستا هەیە، لەو وڵاتە جیاوازە کە 20 ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار یونامی تێیدا جێگیر کرا. بێگومان جیاوازیشە لەو وڵاتەی کە من لە ساڵی 2018 بینیم."
پلاسخارت لە باسی شنگالدا بە ئەندامانی ئەنجوومەنەکەی گوت، نۆ ساڵە ناوچەکە لە دەستی داعش ئازاد کراوە؛ بەڵام هەر کەسێک ئەمڕۆ بچێتە شنگال وا بیردەکاتەوە کە کات لەوێ وەستاوە، چونکە شارەکە هێشتا وێرانە.
ئەم هاوینە 10 ساڵ بەسەر جینۆسایدی داعش لە دژی خەڵکی ئێزدی تێپەڕدەبێت. پلاسخارت گوتی، "تەنیا دەتوانم هیوا بخوازم کە ساڵیادی دەیەم بەفیڕۆ نەدرێت، بەڵکو لەلایەن دەسەڵاتداران و خاوەن بەرژەوەندییەکانەوە بەکاربهێندرێت بۆئەوەی بە ئامانجی خزمەتکردنی خەڵکی شنگال یەکبگرن و هەنگاو بنێن؛ چارەسەر هەیە ئەگەر ئەوان بەڕاستی بیانەوێت."
دوای گوتارەکەی پلاسخارت؛ عەباس کازم، نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیکردەوە کە داوایان کردووە ئەرکی یونامی لە 31-12-2025 کۆتایی پێبهێندرێت. عەباس کازم داوای کرد، "تاوەکو ئەو کاتە یونامی سەرنج بخاتە سەر دۆسیەکانی چاکسازیی ئابووری، گەیاندنی خزمەتگوزاری، گەشەپێدانی بەردەوام و گۆڕانی کەشوهەوا."
یونامی کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، لە 2003 لە عێراق لەسەر داوای حکومەتی عێراق دامەزرا. ئەوکات تازە هێزەکانی ئیدارەی جۆرج بوش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا رژێمی سەدام حوسێنیان رووخاندبوو. لەوکاتەوە یونامی چەندین ئەرکی پێ سپێردرا لەوانەش؛ ئاسانکاریی بۆ دانوستاندنی نێوان چەندین گرووپ و لایەن، هاوکاریکردن لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ و هاوئاهەنگیکردن لە گەیاندنی یارمەتی بە ناوچەکانی زیاندمەندبووی جەنگ.
دەقی گوتارەکەی جێنین پلاسخارت
جەنابی سەرۆک،
ئەندامە بەڕێزەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش،
لە مانگی شوبات، وامزانی دوایین راپۆرتی خۆم لەسەر عێراق دەخوێنمەوە. بۆیە، من زۆر دڵخۆشم کە دووبارە ئەو شەرەفەم پێ بەخشرایەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پێش ئەوەی پۆستەکەم جێبهێڵم لە کۆتایی مانگ، قسەتان بۆ بکەم.
جەنابی سەرۆک، لەماوەی چەند ساڵی رابردوو، ئاماژەم بە چەندین ئاڵنگاریی لە عێراق داوە. ئێستا ئەوەش زیاد دەکەم، عێراق وڵاتێکە پڕ لە دەرفەتی مەزن، بێگومان قەبارەی هەر دەرفەتێک بە قەد قەبارەی هەوڵی بەدەستهێنانیەتی.
هەروەک لە راپۆرتەکانی دیکەم ئاماژەم پێداوە، چەندین هەنگاو و دەستپێشخەریی گرنگ دەستیانپێکردووە؛ ئەمەش لە دوایین 18 مانگی رابردوو زۆر بە روونی دیاربوو، بەتایبەتی لە بوارەکانی دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییەکان و بیناسازی.
ئەو وڵاتە لە شوێنی دیکەش دەرفەت بەدەستدەهێنێت، بۆ نموونە لەو پێگە گرنگەی لە ناوچەکە و دەرەوە هەیەتی؛ بەرەوپێشبردنی کەشی وەبەرهێنان تێیدا؛ دەستپێکردنی چاکسازییەکانی ئابووری و دارایی؛ پلان بۆ بەڕێوەبردنی ئاو و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و خۆ گونجاندن لەگەڵی؛ بۆ نموونە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سووتەمەنیی هاوردەکراو.
لەبەر کات، ناچمە نێو وردەکارییەوە، بەڵام ئەندامانی ئەنجوومەن و کەسانی دیکەش، بۆ دەستکەوتنی زانیاریی زیاتر، دەتوانن بۆ راپۆرتەکانی پێشوو بگەڕێنەوە.
بەکورتی و پوختی، ئەو وێنەیەی ئێمە دەمانەوێت پیشانی بدەین ئەوەیە ئەو عێراقەی ئێستا هەیە، لەو وڵاتە جیاوازە کە 20 ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار یونامی تێیدا جێگیرکرا. بێگومان جیاوازیشە لەو وڵاتەی کە من لە ساڵی 2018 پێی گەیشتم. ئەمڕۆ لەکاتی ئەم قسانەدا، عێراقێکمان لێدیارە، کە لە هەستانەوەدایە.
راستە، تەنگژەی چەندین دەیەی رابردوو هێشتا کاریگەریی بەسەر ئێستاوە هەیە. بەڵێ، ئاڵنگارییەکان زۆر و جیاوازن، دامەزراوەکانی دەوڵەتیش لاوازن؛ بەڵام ئێمە بڕوامان وایە کە ئێستا کاتێکی باشە بۆ ئەوەی سەیری پێشڤەچوونەکانی ئەو وڵاتە بکەین و لاپەڕەی وێنە رەشەکانی رابردووی عێراق لابدەین.
ئەمە بەو مانایە نایەت کە هەموو شتێک نایابە، بێگومان نا؛ زیاد لەرادە متمانە بەخۆبوونیش یارمەتیی کەس نادات؛ بەڵکو ئەمە دەبێتە هۆی رەتکردنەوەی خواستە رەواکانی گۆڕانکاری کە پێویستە بەدەستبێن.
گەندەڵی، حیزبایەتی، خۆدزینەوە لە یاسا، دەستوەردانی نەخوازراو و ئەو لایەنە چەکدارانەی لەدەرەوەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەت کاردەکەن؛ حکومەت کار لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ئەو بەڵایانە دەکات، چونکە ئەوانە هێشتا بەربەستی گەورەن بۆ ئەوەی بەسەریاندا سەرکەون.
هەمان شت بەسەر هەستەکانی پەراوێزخستن و بەلاوەنانیش جێبەجێ دەبێت، کە لە چەند پێکهاتەیەکی دیاریکراو خەریکە بڵاودەبێتەوە. ئەگەر ئەوانە چارەسەر نەکرێن، ئەوا مەترسیی گڕگرتنی تەنگژەکان زیاتر دەبێت.
قۆرخکاریی دەسەڵات و سیاسەتی سزادان تەنیا سوود بە بەشێکی کەمی کۆمەڵگە لە کاتێکی کورتخایەندا دەگەیەنێت؛ بەڵام لەکۆتاییدا، هەمووان دەدۆڕین. ئەمەش بەشێوەیەکی دیاریکراو بۆ وڵاتێک کە بەدەست کێشمەکێشەوە دەناڵێنێت، زۆر راستە.
لەم چوارچێوەیەدا، زۆربوونی ئەم دواییەی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی رانەگەیێندراو (ئەو کەسانەی کە لەژێر یاسای دژە تیرۆردا بەسەریاندا سەپێندراوە) جێگەی نیگەرانیی قووڵە.
پێش ئەوەی ماف و ئازادیی هەموو عێراقییەکان فەراهەمبکرێت، کاری زۆر هەیە بکرێن. با روونبم، ئەم کارە بەمانای ئەوە نایەت بێڕێزی بە کولتوور و ئایینێک بکرێت، رێک بە پێچەوانەوە.
زیاتر لەوەش، چاوەڕوان دەکرێت کاری یاسادانان بخرێتە نێو پابەندییەکانی ئەو وڵاتە، بەتایبەت ئەوانەی لە رێککەوتننامە و جاڕنامە نێودەوڵەتییەکاندا عێراق واژۆی لەسەر کردوون. دەبێت ئەوەش باسبکەم، ئازادی رادەبڕین و جیاکاریی نەکردن بەشێکن لەو مافانەی لەو رێککەوتننامانە ئاماژەیان پێدراوە.
لە عێراق، چەندین ژن هەن کە چاوەڕێی ئەوەن دەرفەتیان پێبدرێت. ئەوانەی دەرفەتیان پێدراوە لە پرۆسەی بڕیاردان هیچ بوارێکیان پێ نادرێ و دووردەخرێنەوە؛ ئەمە نیشاندەری ئەوەیە دەبێت دەسەڵاتپێدان بە ئافرەت تەنیا دروشم نەبێت. بەڵێ، عێراق لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە بۆشاییەکی مەدەنیی پارێزراو و چالاک هەیە؛ بەڵام دووبارە، عێراقی 2024 بەخێرایی لە پەرەسەندندایە.
راستە رێگەکەی بەردەممان پڕ لە ئاستەنگ دەبێت، ئێمە دەخوازین کە بەرەوپێشچوونی زیاتر بۆ هەموو عێراقییەک هەبێت، بەبێ گوێدانە لایەنگری، باوەڕ، پاشخان و نەتەوە. ئەوەش زۆر گرنگە کە هەموو سەرکردەکانی عێراق کاربکەن بۆ ئەوەی وڵاتەکە بخەنەوە سەر روونترین رێگەی سەرکەوتن.
جەنابی سەرۆک، لە راپۆرتی پێشوومدا، باسی هەڵبژاردنە نێوخۆییە سەرکەوتووەکەی عێراقم کرد کە لە کانوونی یەکەمی 2023 بەڕێوەچوو. ئەمڕۆ دەتوانم بڵێم کە بە نزیکەیی هەموو ئەنجوومەنی پارێزگەکان چالاکن و کاردەکەن. دوو پارێزگە، دیالە و کەرکووک، چەقبەستوون. بێگومان، ئاساییە کە دانوستاندنە سیاسییەکان دەستپێبکەن، ئەوە شتێکە لە سەرانسەری جیهاندا هەیە.
ئێستا پێنج مانگ تێپەڕیوە و هیچ چارەسەرێکی دەستبەجێش دیارنییە. هەبوونی بەربەست لەبەردەم سازانی سیاسی، کە هاوشێوەی بەربەستی بەردەم دۆسیەکانی دیکەن، نیگەرانکەرن.
لە تێبینییەکی دیکەدا: شەش مانگی دانوستاندن لە دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تاوەکوئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە. چەندین فاکتەریش بوونە هۆکاری ئەم چەقبەستووییە؛ لێکترازان و دابەشبوونی پەرلەمانتارانی سووننە. شتەکانیان خراپتر کرد. لێرەوە دەتوانم جەخت لەوە بکەمەوە، دانانی سەرۆکێک بۆ پەرلەمان چەندین گرنگی هەیە. پێشبینی دەکرێت ئەم شەممەیە دەنگدانی داهاتووی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، هیوادارین ناوی پەرلەمانتارێک پشتڕاستبکرێتەوە.
کێشەیەکی دیکەی پەیوەیست بۆ ئەوەی تیشکی بخەینەسەر ئەوەیە، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو ئەو بۆشاییانەی لەلایەن سیاسەتە ناکۆکەکانەوە دروستبوون پڕدەکاتەوە. بێگومان، چارەسەرە یاساییەکان ئامرازی بەسوود و ئارامن بۆ کێشەکان؛ بەڵام قەبارەی ئەو کەیسە دەستوورییانەی لە پرۆسەی سیاسیدا هەن، کە خۆی دەبێت سیاسەتڤانان بە جیاوازییەکانیان هەوڵی چارەسەری بدەن، نیگەرانمان دەکەن.
لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، لە دوای دوایین راپۆرتمەوە، دیمەنی سیاسیی هەرێمەکە جەمسەردارتر بووە. وەک ئاگادارن، دوای چەند جارێک لە دواخستن، بڕیاربوو هەڵبژاردنە هەرێمییە لەمێژە چاوەڕوانکراوەکە 10ی حوزەیران بکرێت، بەڵام 18ی ئادار، یەکێک لە پارتە فەرمانڕەواکان رایگەیاند بڕیاریداوە لەم هەڵبژاردنەدا بەشدار نەبێت. ناچمە نێو وردەکارییەکان کە دواتر چی روویدا، بەڵام ئەوەی شایەنی ئاماژەپێدانە ئەوەیە کە هەڵبژاردنی گشتگیر، شەفاف و متمانەپێکراوی هەرێمی و توانادار لە فەراهەمکردنی دڵنیایی سیاسی، زۆر پێویستن. گرەوەکە گەورەیە، بە تایبەتیش ئەوەی کە پەیوەندیی بە شەرعیەتی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. ئەگەر ئەم چەقبەستووییەی ئێستا بەردەوامبێت، ئەوا داهاتووی هەرێمەکە لە ناڕوونیدا بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە. دوای گفتوگۆی چڕی چەند هەفتەی رابردوو، کە ئامانج لێیان دۆزینەوەی رێگەیەکی خێرا و یەکلاکەرەوە بوو بۆ دەرەوەی ئەم چەقبەستووییە، ئێستا هیوامان وایە لە ماوەیەکی نزیکدا رۆژێک بۆ هەڵبژاردن دیاریبکرێت. ئومێد دەکرێت، یاخود باشترە بڵێم چاوەڕواندەکرێت دەنگدانەکە بە کەمترین دواخستنەوە دەکرێت، بە جۆرێک کە زیاتر لە چوار مانگی دیکە دوا نەکەوێت و بە کۆتای کەمینەکانیشەوە بکرێت.
جەنابی سەرۆک، لەبارەی شەنگالەوە، نۆ ساڵە ناوچەکە لە دەستی داعش ئازادکراوە؛ بەڵام هەر کەسێک ئەمڕۆ بچێتە شەنگال وا بیردەکاتەوە کات لەوێ وەستاوە، چونکە شارەکە هێشتا وێرانە؛ هەرچەندە لە رێککەوتنی 2020ـی شەنگال رەشنووسێک بۆ ئیدارەیەکی یەکگرتوو هەروەها دامەزراوەیەکی ئاسایش و سەقامگیری پێشکێشکرا، بەڵام هێشتا لەگەڵ تێپەڕینی هەر ساڵێک تۆز و خۆڵی زیاتر لە ناوچەکە کۆدەبێتەوە. ئەم هاوینە ساڵیادێکی خەمگینە بۆ شەنگال، 10 ساڵ بەسەر جینۆسایدی داعش لە دژی خەڵکی ئێزدی تێدەپەڕێت. لێرەوە، تەنیا دەتوانم هیوا بخوازم کە ساڵیادی دەیەم بەفیڕۆ نەدرێت، بەڵکو لەلایەن دەسەڵاتداران و خاوەن بەرژەوەندییەکانەوە بەکاربهێندرێت بۆ ئەوەی بە ئامانجی خزمەتکردنی خەڵکی شەنگال یەکبگرن و هەنگاو بنێن؛ چارەسەر هەیە ئەگەر ئەوان بەڕاستی بیانەوێت. زۆر گرنگە دڵنیابینەوە لەوەی لێپرسینەوە بەردەوامە، بێگومان ئێستا، رێکخراوی یونیتاد کە لەسەر ئەو ئەرکە بوون، بەمزووانە عێراق جێدەهێڵن.
ئەوانەی کە زیانمەندی کێشە و گرژییەکان بوون، شایەنی ئەوەن ژیانیان بنیاد بنێنەوە و بچنەوە شوێنەکانی خۆیان، لەوانەش ئەو شوێنانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی گرووپە چەکدارەکانن. ئەمە تەنیا بەسەر شەنگالدا جێبەجێ نابێت بەڵکو شوێنەکانی دیکەش دەگرێتەوە، بۆ نموونە جورف سەخر.
بەڕێز سەرۆک، ئەگەر هەنگاوێک بچینە دواوە و سەیری ژینگەی ئاسایشی ناوچەکە بکەین، هەروەک خۆت باشتر دەیزانی، هێشتا ناسەقامگیرییەکی زۆر هەیە. هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە، حکومەتی عێراق هەوڵی جیدی پیشانداوە لەوەی وڵاتەکە نەخاتە نێو کێشەیەکی گەورەتر. هەروەک سەرۆکوەزیران گوتی: گوشارکردنە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیی بۆ رێگەگرتن لە دروستبوونی هەڵکشان.
بەو هەوڵانەوە، دڵخۆشم کە رایدەگەیێنم، ئێستا ژینگەیەکی پارێزراوتر و سەقامگیرتر لە عێراق هەیە. لەگەڵ ئەوەش، ئەگەر سەیری ئەو گرووپە چەکدارانە بکەین کە لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەت کار دەکەن؛ هەروەها ئەو گوشارە هەرێمییە زۆرەی هەیە، دۆخەکە زۆر گەرمە. بە واتایەکی دیکە، مەترسیی هەڵە لێکدانەوە هێشتا زۆر بەرزە.
لەبارەی گەڕاندنەوەی هاووڵاتییە عێراقییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، دڵخۆشم کە رایدەگەیێنم عێراق لە هەوڵەکانی بەردەوامە کە جێگەی دەستخۆشییە. بۆ ئەو پرسە، کات زۆر بەنرخە. بۆیە هیواخوازم لەماوەیەکی نزیکدا گەڕاندنەوەکان زیاتر بکرێن. لەم چوارچێوەیەدا رێگەم بدەن جەختبکەمەوە شەڕی دوێنیی داعش دەکرێت کێشەکانی سبەی کەڵەکە بکات، کێشەگەلێک کە تەنیا لە عێراق نابێت. بۆیە، هەر حکومەتێک کە هاووڵاتییان لە کەمپی هۆل یان هەر شوێنێکی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەیە، بەرپرسیارێتییەکیان لەسەرە بۆ هەنگاونان. هەرچەندە قسەکەم دووبارە دەکەمەوە، بەڵام هێشتنەوەی خەڵک لەو دۆخە سەختەدا، مەترسیی سەر ئاسایش و پاراستنیان زیاتر دەبێت وەک لە گەڕاندنەوەیان بە شێوەیەکی رێکوپێک و کۆنتڕۆڵکراو.
جەنابی سەرۆک، دوایین خاڵ لەسەر کێشەی هاووڵاتییە کوێتی و هاووڵاتییەکانی وڵاتانی سێیەم کە لە عێراق بێسەروشوێن بوون، ئەو سامانە کوێتییە بێسەروشوێنانە، لەوانەش ئەرشیفە نیشتمانییەکان. هەروەک دوایین جار گوتم، بەرەوپێشچوونی خێراتر پێویستە، بۆ بەدەستهێنانی ئەمە، پێویستە بەربەستەکان ببڕین و کار لەسەر کێشە چارەسەرنەکراوەکان بکەین.
بە واتایەکی دیکە، دەبێت چالاکیی گۆڕهەڵدانەوە و ناسینەوەی گۆڕەکان زیاتر بکرێت؛ هەروەها پێویستە لیژنەی هاوبەشی سامانە بێسەروشوێنەکانی کوێت کارا بکرێتەوە. زۆر بە روونی، پرۆسەی ئێستای گەڕان بەدوای سامانەکانی کوێت، لەوانەش ئەرشیفە نیشتمانییەکان، زۆر خاوە.
جەنابی سەرۆک، دەمەوێت بڵێم کە لەماوەی کارکردنم وەک نوێنەری تایبەت، هەندێکجار کۆمەڵگەی عێراق و چوارچێوە سیاسییەکەی لە لێواری داڕماندابوو. ئەو هۆکارانەی بوونە هۆی ئەو داڕمانە، بێگومان لە شەو و رۆژێکدا چارەسەر نابن. مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی رابردوو و ئاڵنگارییەکانی ئێستا کاتی دەوێت، بەڵام بمانەوێت یان نا هێشتا هیوای چاککردنەوەی شتەکان هەیە.
لەکاتێکدا وڵاتەکە ئێستا رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی زۆر بووەتەوە، چەندین جار لە لێواری داڕمان گەڕاوەتەوە و لە گەشتی بەرەوپێشچوون بەردەوامبووە. هەروەک پێشتر بە ڕوونی گوتم، ئاڵنگاری و بەربەستی زۆر هەن، بەڵام ئاسۆی عێراق پڕە لە دەرفەت. بەڵێ، وڵاتەکە پڕە لەو خەڵکانەی کە دەیانەوێت دەرفەتەکان بقۆزنەوە.
بەبێ هیچ گومانێک جەنابی سەرۆک، ئەو کاریگەرییەی عێراق و خەڵکەکەی لەسەر من جێیانهێشت، بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە. بۆیە دووبارە، هەر بژی عێراق [عاش العراق]. سوپاس جەنابی سەرۆک.