لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسێکی پۆلیسی عێراق دەکرێت کە لە فەیسبووک ڤیدیۆی دەستلەکارکێشانەوەی بڵاوکردەوە


رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتى ناوخۆى عێراق بەرپرسێکى پۆلیس دەداتە لیژنەى لێکۆڵینەوە، بەهۆى ئەوەى لە رێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڤیدیۆی دەستلەکارکێشانەوەى بڵاوکردووەتەوە وەک ناڕەزایەتى بەرامبەر بە  فەرماندەى پۆلیسی شارەکە.
 
وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەدا، بەهۆى دەرکەوتنى "بێ پاساوى" ئەفسەرێکى پۆلیس لە رێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و پێشکێشکردنى داواکارییەکان بەدەر لە رێکارە یاسایی و سەربازییەکان، بە فەرمانى وەزیرى ناوخۆ بڕیاردراوە لیژنەى لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو ئەفسەرە پێکبهێندرێت و بانگ بکرێت بۆ وەزارەت بۆ ئەوەى ریوشوێن لەدژى بگیرێتەبەر.
 
ئەو ئەفسەرە ناوى محەممەد ناسر راشد سەعدونە و پلەى عەمیدە، بەڕێوەبەرى بەشی پۆلسی مدێنەى شارى بەسرە بوو، رۆژی چوارشەممە لە رێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە نامەى دەستلەکارکێشانەوەکەى بڵاوکردەوە.
 
عەمید محەممەد ناسر راشد سەعدون لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا ئاماژەى بەوەداوە، وەک رێزگرتنێک بۆ ریشسپیانى هۆزەکانى سنوورى شارەکەى دەستى لەکارکێشاوەتەوە، بەهۆى زێدەڕۆیی فەرماندەى پۆلیسی پارێزگاکە لەدژیان و دەڵێت: "چیدی ناتوانم کارى لەگەڵ بکەم و سکاڵام لەدژى پێشکێش کردووە".
 
کاردانەوەى ئەو بەرپرسەى پۆلیسى مدێنەى پارێزگارى بەسرە، لەدواى ئەوەبوو کە گوایە لە کۆبوونەوەیەکى لیوا قاسم عیتابی، فەرماندەى پۆلیسی شارەکە لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەر، باسی هۆزى سەعدوونى کردووە و کە ئەو ئەفسەرە سەر بەو هۆزەیە.