گەڕانەوەی 150 خێزانی کەمپی هۆل بۆ عێراق دواخرا
رووداو دیجیتاڵ
گەڕانەوەی 150 خێزانی عێراق لە کەمپی هۆل-ی رۆژئاوای کوردستان بۆ کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممە 18-05-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیار بوو ئەم هەفتەیە 150 خێزانی کەمپی هۆل بگەڕێنەوە عێراق، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێکارەکان، پرۆسەی گەڕانەوەیان بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا.
تائێستا نۆ کاروانی ئاوارەکانی کەمپی هۆل گەڕاونەتەوە عێراق، یەکەم کاروان لە 06-05-2021 بوو کە 95 خێزان بوو، دوایین کاروانیش لە 26-02-2023 بوو کە 154 خێزان بوو. تائێستا 1228 خێزان گەڕاونەتەوە کە لە 4910 کەس پێکهاتوون.
زیاتر لە 30 هەزار هاووڵاتیى عێراقى لە کەمپى هۆلن، کە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن. کەمپەکە دەکەوێتە شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان و لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات - هەسەدە دایە.
ئەو خێزانە عێراقیانە دەگەڕێندرێنەوە کەمپی جەدعە لە گوندی جەدعەی سەر بە شارۆچکەی گەیارە لە پارێزگای نەینەوا، کە ساڵی 2021 بۆ وەرگرتنی کەسوکاری چەکدارانی داعش (ئەوانەی هەڵگری وڵاتینامەی عێراقین) دروستکراوە.
زۆرینەی دانیشتووانی کەمپەکە ژن و منداڵن، بەشێکی زۆری ژنانیش کە هێشتا بە جلە رەشەکانیانەوە بە کەمپەکەدا بڵاوبوونەتەوە، منداڵی زۆریان هەیە و کەمیان هەیە هاوژینەکانیان لە ژیاندا مابێت یان لە عێراق بێت.
شکستەکانی ئەو رێکخراوە لە ساڵی 2017 لە عێراق و دواتر لە ناوچەکانی سووریا، رێکخراوەکەی بەرەو لاوازی برد، تاوەکو بەشێکی زۆری سەرکردەکانیان کوژران و بەشێکی زیاتری ئەندامەکانیشیان کەوتنە دەستی هێزە ئەمنییەکان، بەشێک لە دانیشتووانی کەمپی جەدعە لە کەسوکاری ئەو چەکدارانەی داعشن.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، 56 هەزار کەسی خەڵکی وڵاتانی جیاواز لە کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان دەژین کە گەورەترین کەمپە بۆ کەسوکاری چەکدارانی داعش دروستکرابێت، لەو ژمارەیە بەپێی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، 31 هەزاریان عێراقین و 4910یان گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق.