رووداو - هەولێر
دژەتیرۆری عێراق كوژرانی ژمارەیەك چەكداری داعش و وێرانكردنی هەشت ئەشكەوتی سەر بە داعشی لە رێگەی 11 هێرشی ئاسمانییەوە لە پارێزگای كەركووك راگەیاند.
دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە راگەیێندراوێكدا رایگەیاند، "رۆژی دووشەممە 2020/05/18 هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەكانی دووەم و فەوجی دژەتیرۆر لە كەركووك لە چیاكانی غەڕە لە باشووری قەزای دوبس لە پارێزگای كەركووك بە پاڵپشتیی راستەوخۆی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەشكەوتەكانی چەكدارانی داعشیان كردە ئامانج".
بەپێی راگەیاندراوەكە، "هەشت ئەشكەوت وێرانكراون كە چەكدارانی داعش بۆ خۆحەشاردان بەكاریان هێناون، سەرەڕای تەقاندنەوەی كارگەیەكی دروستكردنی بۆمبی چێنراو و كوژرانی ژمارەیەك چەكداری داعش لە رێگەی 11 هێرشی ئاسمانییەوە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە".
هەروەها رۆژی یەکشەممە 2020/05/17 شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیێندراوێكدا ئاماژەی بەوە کرد، "بە ئامانجی پشكنینی بیابانی جەزیرەی باكووری پارێزگای ئەنبار، باشووری پارێزگای نەینەوا و رۆژئاوای پارێزگای سەلاحەددین تاوەكو سنوورەكانی سووریا فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ئۆپەراسیۆنی شێرەكانی جەزیرەی دژی چەكدارانی داعش دەستپێكرد".
شەوی شەممەیش 2020/05/16 داعش لە خانەقین هێرشی کردە سەر گوندی عەلی سەعدوون و لەلایەن هێزەکانی لیوای 23ـی حەشدی شەعبیەوە وەڵام درانەوە و بەرەو شوێنکی نادیار هەڵهاتوون و هەروەها فڕۆکەیەکی هەواڵگری خراوەتە خوارەوە کە لەلایەن داعشەوە بۆ هێرشەکە بەکارهێنراوە.
لە مانگی نیسانی رابردووەوە جموجۆڵی چەكدارانی داعش لە سنووری پارێزگاکانی سەلاحەددین و کەرکووک زیادی كردووە و چەندین جار هێزە ئەمنییەكان و حەشدی شەعبییان لە چەند ناوچەیەك كردووەتە ئامانج، بەو هۆیەوە دەیان كەس كوژراون و برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ