رووداو دیجیتاڵ
ئەو پەرلەمانتارانەی رۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ئامادە نەبوون، یەک ملیۆن دینار لە مووچەی هەر یەکێکیان بڕدرا.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی بڵاوکردەوە کە لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە، 17ـی نیسانی پەرلەمان ئامادەبوون کە 162 پەرلەمانتارن، 166 پەرلەمانتاریش ئامادە نەبوون و سزادران.
هۆکاری سزادانیشی گەڕاندووەتەوە بۆ ئامادەنەبوونی ئەو پەرلەمانتارانە کە بووەتە هۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامان و دواتر نەکردنی دانیشتنەکە.
دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان رایگەیاندووە، "ناوی پەرلەمانتارانی ئامادەنەبوومان بۆ فەرمانگەی دارایی پەرلەمان نارد بۆ ئەوەی بڕی یەک ملیۆن دینار لە هەر پەرلەمانتارێک ببڕدرێت."
زەینەب جەیاشی، یەکێک لەو پەرلەمانتارانەیە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو، بە رووداوی گوت، "بڕیاری سزادانی پەرلەمانتارانی ئامادەنەبوو جێبەجێدەکرێت و کارێکە بۆ رێکخستنە و دەبێت هەموو پەرلەمانتاران پابەندی دانیشتنەکان بن."
بڕیاربوو کۆبوونەوەکە کاژێر 1ی دوای نیوەڕۆ دەستپێبکات، جگە لە پەسندکردنی هەمواری یەکەمی یاسای دەستەی داواکاریی موڵکایەتی، خوێندنەوەی یەکەم بۆ سێ رەشنووسی یاسا لە کارنامەکەیدا هەبوو.
رۆژی 1ی شوباتى 2024، پەرلەمانتارانی عێراق پرۆژە بڕیارێکیان پەسندکرد، هەر پەرلەمانتارێک بەبێ هۆ لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و لێژنەکان ئامادە نەبێت بە یەک ملیۆن دینار سزا دەدرێت.
بەگوێرەى پەیڕەوى نێوخۆى پەرلەمانى عێراق، دەبێت نیوە کۆیەکى ئەندامانى پەرلەمان ئامادەى هەر دانیشتنێکى ئاسایی بن کە 165 ئەندامە لەکۆى 329 ئەندامەکەى پەرلەمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ