عێراق بڕیاریدا یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسانی هەموو ساڵێک بۆ کوردانی ئێزدی پشوو بێت

18-04-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەبۆنەی رۆژی سەری ساڵی کوردانی ئێزدییەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا سبەی چوارشەممە، 19ـی نیسان پشووی فەرمی بێت بۆ کوردانی ئێزدی، هەروەها بڕیاریدا یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسانی هەموو ساڵێک پشووی فەرمی بێت بۆ کوردانی ئێزدی. 

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی نیسانی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی 16مین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە نێوخۆییەکانی عێراق و بابەتە پەیوەندیدارەکان بە جێبەجێکردنی بڕگە و بەرنامە خزمەتگوزارییەکانی کارنامەی حکومەت تاوتوێکران و تیشک خرایە سەر بەڕێوەبردنی پڕۆژە هەرە لەپێشینەکانی خزمەتگوزاری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هەژاری و بێکاری و جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی چاکسازیی ئابووری. 
 
بەبۆنەی سەری ساڵی کوردانی ئێزدییەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا سبەی چوارشەممە، 19ـی نیسانی 2023، پشووی فەرمی بێت بۆ کوردانی ئێزدی؛ هەروەها بڕیاردرا یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسانی هەموو ساڵێک پشووی فەرمی بێت بۆ کوردانی ئێزدی.  
 
هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی رەمەزان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا پشووی جەژن لە رۆژانی 20-24ی نیسان بێت. 
 
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران راشیگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی بڕیاریداوە بە گەڕاندنەوەی ئەو پارچە زەوییانەی سەربازگەی رەشید لە سەردەمی حکومەتی پێشوو دابەشکرابوون بۆ ئەوەی سوودیان لێ وەربگیرێت بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاریی نوێ بەتایبەتی رێگەوبان بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵیی هاتووچۆی نێو پایتەخت و دروستکردنی نەخۆشخانەی دووەمی شار لەسەر رووبەری 401 دۆنم زەوی لە هەمان ناوچە و دروستکردنی بنکەیەکی ئاسمانی سەربازیی دیکە وەک شوێنگرەوەی بنکەی ئاسمانی سەلام. 
 
لەبارەی پرۆژە پەیوەندیدارەکان بە وزە و تۆڕی کارەبا بڕیاردرا بە فراوانکردنی وێستگەی یەکەم و دووەمی گازیی سەدر لەپێناو فراوانکردنی تواناکانی و گەیاندنی بۆ 229 مێگاوات و جێبەجێکردنی لە ماوەی تەنیا 36 مانگدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە